پارێزگاری هەولێر: هاووڵاتییان دەتوانن بۆ ماوەی ساڵێک بە ئۆتۆمبێلی خۆیان هاتووچۆی ئێران بکەن

رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لە چوارچێوەی رێککەوتنەکانی نێوان پارێزگای هەولێر و پارێزگای ورمێدا، لەداهاتوودا هاووڵاتییان دەتوانن بۆ ماوەی یەک ساڵ بە ئۆتۆمبێلی خۆیان سەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکەن و، تەنیا یەکجاریش پارەی مامەڵەی ئۆتۆمبێلەکە دەدەن.
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ (چوارشەممە، 23-8-2023) لە دیوانى پارێزگا، پێشوازى لە نەسڕوڵڵا رەشنوودی، سەرکۆنسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و شاندێکى یاوەرى کرد.
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی هاتووچۆ و گەشتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان، لەنێوان هەردوولادا کراوە.
 
ماوەیەکە هاتووچۆکردن بە ئۆتۆمبێلی تایبەت لە هەردوو دەروازەی حاجی ئۆمەران و باشماخەوە راگیراوە، ئومێد خۆشناو گوتی "راگیرانەکە بۆ گۆڕانکارییە لە رێکار و رێوشوێنەکان، پێشتر هاووڵاتییان بە پارەیەکی زۆر، کە نزیکەی 700 دۆلار بوو، بە ئۆتۆمبێلی خۆیان دەچوون بۆ ئێران، بەڵام لەگەڵ کۆنسوڵی ئێران رێککەوتین، پارەکە بۆ 250 تاوەکو 270 دۆلار کەمبکرێتەوە، هەروەها کارتێک بۆ هاووڵاتی دروست دەکرێت، کە دەتوانێت بۆ ماوەی یەک ساڵ بە ئۆتۆمبێلەکەی هاتووچۆی ئێران بکات، تەنیا یەکجاریش پارەی مامەڵەی بردنی ئۆتۆمبێلەکەی دەدات."
 
سەبارەت بە کاتی جێبەجێکردنی ئەو رێکارانە، ئومێد خۆشناو گوتی "ئێستا میکانیزمى سەرجەم ئەو رێکار و رێوشوێنانەی تایبەتن بەو پرسە، دانراون و یەکلایی کراوەتەوە، لە ماوەیەکى نزیکى داهاتووشدا بەپێى رێکار و رێنماییە بەرکارەکانی هەردوو وڵات، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە."
 
رۆژی  23-2-2023 رێککەوتنێک لەنێوان پارێزگارانی ورمێ و هەولێر واژۆکرا، سەبارەت بە جێبەجێکردنی نێوەڕۆکی رێککەوتنەکە، پارێزگاری هەولێر گوتی "زۆربەی زۆری خاڵەکانى لەلایەن هەردوولامانەوە جێبەجێکراوە".
 
دەقی رێککەوتنی پارێزگارانی هەولێر و ورمێ