لە دێرەلووک گەنجێک بە هەڵە کوژرا
رووداو - دێرەلووک
بەڕێوەبەری پۆلیسی ناحیەی دێرەلووكی سهر به قهزاى ئامێدى رایگەیاند، شەوی رابردوو گەنجێکی تەمەن 35 ساڵ کە لەنێو مەرەزەی برنجدا بووە، بە هەڵە کوژراوە.
ئەو گەنجە ناوی جووتیار مستەفایە، شەوی رابروو چووەتە نێو زەوییەکەیان، بەڵام بەهۆی ئەوەی تاریک بووە "تەقەکەرەکە [تارماییەکی بینیوە و] وایزانیوە بەراز لە نێو کێڵگەکەیە، تەقەی کردووە و بەو هۆیەوە جووتیارەکە بەرکەوتووە و کوژراوە."
رائید غازى هاریكى، بەڕێوهبهرى بنكهى پۆلیسى دێرەلووك به رووداوی راگهیاند، "ئهو رووداوه له گوندی مههیدى سەر بە دێرەلووک روویداوە، بهشێك له جووتیارانی گوندەکە برنج دەچێنن، زۆرجار بەراز دەچێتە نێو کێڵگەکانیان، ئەوانیش تەقە لە بەرازەکان دەکەن، شەوی رابردوو ئەو گەنجە چووەتە نێو کێڵگەکەیان، خەڵکەکە [تارماییەکیان بینیوە و] وایانزانیوە بەرازە، تەقەیان کردووە و ئەو گەنجە بەرکەوتووە."
بەڕێوهبهرى بنكهى پۆلیسى دێرەلووك ئاماژەی بەوەش دا، دوای رووداوەکە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە، بەڵام دیار نییە کێ تەقەی کردووە، ئەوانەشی کە لەوێ بوون خزم و کەسی یەکدین.
ناحیهى دێرەلووك سەر به قهزاى ئامێدییە، بەشێک لە جووتیارانی ئەو ناحیەیە ساڵانە برنجی کوردی دەچێنن، بهڵام چهند ساڵێكه بهراز بووەته سهرئێشە بۆ جووتیارانى ئهو ناوچهیه و ناچارن شەوان ببنە ئێشکگر بۆئەوەی بەراز کێڵگەکانیان تێکنەدات.