ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەبارەی کامێرای "خاڵ بۆ خاڵ" کۆدەبێتەوە

23-08-2022
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
هێمن بابان رەحیم و نازەنین گۆران
رووداو دیجیتاڵ

بەیانیی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەبارەی کامێرا چاودێرییەکانی تۆمارکردنی خێرایی شەقامەکانەوە کۆدەبێتەوە و بڕیار دەدات. ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، "پێشبینی دەکەین بگەین بڕیارێک لە بەرژەوەندیی خەڵکدا بێت."
 
کاسترۆ مەعرووف، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەپێی بانگهێشتنامەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بڕیارە کاژێر 10:00ی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجوومەن بۆ تاوتوێکردنی پرسی کامێراکانی چاودێریی تۆمارکردنی خێرایی (کە سیستمی خاڵ بۆ خاڵ)ـە کۆببێتەوە کە 14ی ئەم مانگە داواکاریمان لەوبارەیەوە پێشکێش کردبوو، هەروەها جگە لەوە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە باسکردنی پرسی تەواوکردنی هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنە."
 
سەبارەت بە کۆبوونەوەکە و پێشبینییەکان، ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی روونیکردەوە، "چاوەڕوان دەکرێت بگەینە رێککەوتنێک لە بەرژەوەندیی خەڵک بێت، چونکە پێشتر نیوەی ئەندامانی ئەنجوومەن داوای کۆبوونەوەیان بۆ مەبەستی رەتکردنەوەی ئەو بابەتە کردبوو، بەڵام دەسەڵاتی ئەنجوومەنیش سنووردارە."
 
هاوکات کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەگەر بە زۆرینە دەنگ لەسەر رەتکردنەوەی ئەو کامێرایانە بدەن، ئەوا بەگوێرەی یاسای ژمارە 3ی 2009ی پاراستنی پارێزگاکان، ئەو بڕیارانەی ئەنجوومەنی پارێزگا دەریدەکات دەبێت پارێزگا پابەندبێت بە جێبەجێکردنیەوە."
 
کەریم عەلی گوتیشی، "دەبێت ئەو بڕیارانە پێچەوانەی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان نەبن، بەڵام ئەم گرێبەستە پێچەوانەی یاسایە." بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، "ئەگەر ئەمڕۆ 20 ئەندامی ئەنجوومەن ئامادەی کۆبوونەوەکە بن و 11 ئەندام دانانی کامێراکان رەتبکەنەوە، دەبێت بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت."
 
رۆژی یەکشەممە، 14ی ئەم مانگە 16 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی داواکارییەکیان پێشکێشی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەن کرد بە مەبەستی کۆبوونەوە بۆ رەتکردنەوەی دانانی کامێرای تۆمارکردنی خێرایی شەقامەکان کە سیستمی خاڵ بۆ خاڵ (پۆینت توو پۆینت)ـە، هۆکارەکانیشیان بۆ سێ خاڵ گەڕاندەوە کە ئەمانەن:
 
1- رەتکردنەوەی دانانی کامێرای چاودێری بە تەنیا لە سنووری پارێزگای سلێمانی، چونکە جگە لەوەی کارێکی نایاساییە، لە هەمان کاتیشدا کارێکی نەگونجاوە و بەقوربانیکردنی شارەکەیە.
 
2- بەپێی یاسا، نابێت کامێرای چاودێری بدرێتە کەرتی تایبەت و داواکارین لەڕێگەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییەوە بڕیارێکی گونجاو بدرێت بە راگرتنی کارەکانی کۆمپانیای جێبەجێکار.
 
3- داوا لە وەزارەتی ناوخۆ بکرێت گرێبەستی کۆمپانیای جێبەجێکار هەڵبوەشێنێتەوە.
 
کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەن لە کاتێکدا دێت، دوێنێ دووشەممە 22ی ئابی 2022 لاوەند فەرەیدوون، پارێزەری کۆمپانیای ئێرلی فیوچه‌ر، کە بە گرێبەستێک سەرجەم کامێراکانی چاودێریکردنی تیژڕۆیی هاتووچۆی لە حکومەت وەرگرتووە بۆ سنووری سلێمانی، بە رووداوی راگەیاند، یەکێک لە کامێراکانیان لەنزیک ناحیەی پیرەمەگروون دراوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و زیانێکی زۆری ماددیی بەر بۆکسی کارەبا و ئامێرەکانی کەوتووە و بۆ ئەو مەبەستەش سکاڵایان لە دادگەی لێکۆڵینەوەی پیرەمەگروون تۆمارکردووە و چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس دەکەن.
 
لەبارەی کامێراکانەوە لاوەند فەرەیدوون ئاماژەی بەوەش کرد، ژمارەیەکی زۆر کامێرایان داناوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەکار نەخراون و تەنانەت تێستیش نەکراون.
 
سەرەتای مانگی ئایاری 2022 پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح، ئاشکرایکرد و هۆشداریی دا لەو پرۆژەیە کە بە "پۆینت توو پۆینت" دەناسرێت و لەڕێگەیەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت کۆنترۆڵی خێرایی ئۆتۆمبێلەکان لەسەر شەقامەکان بکات و بە هۆکارێک بۆ زیادکردنی قورسایی بۆسەر هاووڵاتیانی ناوهێنا.
 
عەلی حەمەساڵح رۆژی 6ی ئایاری 2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کامێراکان بەپێی سیستمێک جێگیر دەکرێن بەناوی پۆینت توو پۆینت و زۆر هەستیارە لە سزا وەرگرتن، واتە بە نموونە ئەگەر شەش کیلۆمەتر رێگە دانرابێت بە 5 خولەک ببڕیت ئەگەر شۆفێرێک رێگەکەی بە 4 خولەک و 55 چرکە ببڕێت ئەوا بڕی 70 هەزار سزا دەدرێت و بەپێی تیژڕەوی سزاکە زیاد دەکات."
 
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش کرد، "لە پارێزگایەکی وەکو سلێمانی 545 هەزار ئۆتۆمبێل هەیە، ئەگەر بەپێی ئەو سیستەمە هەر ئۆتۆمبێلێک لە مانگێکدا یەک جار سزا بدرێت ئەوا داهاتی مانگانەی حکومەت 38 ملیار دەکات، واتە رۆژانە خەڵک سزا دەدرێت، داهاتەکەش ئەوەندە زۆرە بۆیە ئەو کۆمپانیایەی گرێبەستی لەگەڵ حکومەت کردووە 403 ئۆتۆمبێلی سفر کیلۆمەتری بە حکومەت داوە کە هەموویان مۆدێلی 2021 و 2022 ن، ئەگەر داهاتەکەی زۆر نەبێت چۆن کۆمپانیا بێ بەرامبەر ئەو کارە دەکات."
 
هەروەها باڵانبۆ محەممەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ و ئەنجوومەنە خۆجێییەکانی پەرلەمانی کوردستان، رۆژی هەینی، 6-5-2022،  بەرووداوی گوت پڕۆژەی دانانی کامێرای هاتووچۆ لەسەر شەقامەکان بۆ هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانە و نزیکەی 700 بۆ 800 کامێرای تۆمارکردنی خێرایی لەسەر شەقامەکان دادەنرێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

مەسرور بارزانی لەبارەی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلی بەرپرسێکی پارتی: هەر کەسێک لە پشتیەوە بێت رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەوڵی "تیرۆرکردن"ـی ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکۆنە دەکات و دەڵێت، "پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەکان هەوڵی ئاشکراکردنی ئەنجامدەرانی ئەم کارە تیرۆریستییە بدەن".