گواستنەوەی هەولێر: تەکسیمیتەر دادەنرێت و کرێی تەکسی بەپێی کیلۆمەتر وەردەگیرێت

23-08-2022
جووتیار قارەمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گواستنەوەی پارێزگای هەولێر رایدەگەیێنێت، بڕیارە تەکسییەکانی هەرێمی کوردستان سیستمی تەکسیمیتەریان بۆ دابنرێت و نرخی گواستنەوە بە تەکسی بەپێی کیلۆمەتر دەبێت.
 
لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو، کە زانا محەممەد پێشکێشی کرد، باس لە کرێی پاس و تەکسی و گرانیی سووتەمەنی کرا و هەریەکە لە عەبدولخالق عەلی، بەڕێوەبەری گواستنەوەی پارێزگای هەولێر؛ لوقمان وەردی، سەرۆکی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشت و گوزار لە پەرلەمانی کوردستان و عەبدوڵڵا کەریم، سەرۆکی سەندیکای گواستنەوەی هەرێمی کوردستان تێیدا بەشدار بوون.
 
عەبدولخالق عەلی، بەڕێوەبەری گواستنەوەی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، "بڕیارە تەکسییەکانی هەرێمی کوردستان تەکسیمیتەریان بۆ دابنرێت، ئەوەیش کاتێک دەکرێت کە نرخی سووتەمەنی جێگیر بکرێت. نرخی هەر کیلۆمەترێک لەلایەن حکومەتەوە دیاریدەکرێت کە باری دارایی شۆفێر و هاووڵاتی رەچاو دەکرێت."
 
بەڕێوەبەری گواستنەوەی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەش دا، ئەو تەکسیمیتەرە وادەکات کەس زیادەی لێوەرنەگیرێت، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن سەرقاڵی ئەوەن رێکارێک بدۆزنەوە و ئەوە باشترین ئامڕازە بۆئەوەی نرخی تەکسی لە هەرێمی کوردستاندا جێگیر بکرێت.
 
زیادبوونی نرخی نەوت کاریگەرییەکی زۆری کردە سەر نرخی سووتەمەنی کە ئەوەیش وایکرد نرخی گواستنەوە و گەیاندن گران ببێت. عەبدولخالق عەلی دەڵێت، "شۆفێران بە زیادبوونی نرخی سووتەمەنی لەسەریان داهاتی مانگانەیان زۆر کەم بووەتەوە، بۆیە مافی خۆیانە نرخ زیاد بکەن هەرچەندە ئێمە بە فەرمی راماننەگەیاندووە. ئێستا لە هەندێک لە هێڵەکانی پاسدا نرخی گواستنەوە 250 دینار زیاد بووە."
 
عەبدوڵڵا کەریم، سەرۆکی سەندیکای گواستنەوەی هەرێمی کوردستان میوانێکی دیکەی بەرنامەکە بوو، باسی لەوە کرد، "ساڵانی رابردوو بەنزین هەرزان بوو، لەبەر ئەوەیش نرخی گواستنەوە باش بوو. لە پارەوە کە نرخی سووتەمەی زیاد بووە، کرێی گواستنەوەیش گۆڕاوە. شۆفێران داوایان لێکردین نرخ زیاد بکەین، بەڵام وەکو سەندیکا هیچ بڕیارێکمان نەدا، چونکە ماف بە خۆمان نادەین بە تەنیا بڕیار بدەین و ئەوە دەبێت لیژنەی دانانی نرخ ئەو بڕیارە بدات کە سەرۆکەکەی یان پارێزگار یان قایمقامی هەولێر دەبێت."
 
لوقمان وەردی، سەرۆکی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشت و گوزار لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "ئەرکی حکومەتە کە سووتەمەنی بۆ هێڵەکانی گواستنەوەی گشتی دابین بکات و چاودێریی نرخیش بکات، بۆئەوەی بارگرانی نەکەوێتە سەر هاووڵاتی. نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان نەک ئەوەی هەر گرانە، بەڵکو خەیاڵییە. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کەمتەرخەمە کە نەیتوانیوە سووتەمەنی بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات. ئێستا نرخی نەوتی سپی هێندە زیاد بووە کە پێشتر هیچ ساڵێک نەبووە نەوت هێندە گران بێت."
 
بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوەی هەولێر بەنزینی 690 دیناریی بۆ تەکسی و پاس دابین کردووە. بەڕێوەبەری گواستنەوەی پارێزگای هەولێر دەڵێت، "سبەینێ کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ هێڵەکانی ناو هەولێر هەیە کە گوێ لە داواکارییەکانیان دەگرین. دوای ئەوە لەگەڵ لیژنەی دانانی نرخدا دادەنیشین بۆئەوەی نرخ دیاری بکەین. دەمانەوێت نە هاووڵاتی زیان بکات و نە شۆفێر."
 
سەرۆکی سەندیکای گواستنەوەی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، "لە ساڵی 2018وە تاوەکو ئێستا هیچ کۆبوونەوەیەکی لیژنەی دانانی نرخ نەکراوە بۆئەوەی نرخەکان بگۆڕین و کێشەکانیان چارەسەر بکەین. لەناو شاری هەولێردا 34 هێڵمان هەیە کە هەندێکیان نرخیان زیاد کردووە. حەوت هێڵیان بە 750 و چواریشیان کە بۆ شوێنە دوورەکان دەچن بە 1000 دینار خەڵک دەگوازنەوە."
 
عەبدوڵڵا کەریم داوای کرد، بەنزین بۆ تەکسی و پاسەکان هەرزان بکرێت و بەنزینخانەکانیشیان بۆ زیاد بکرێت؛ ئەوەی ئێستا هەیە کەمە کە 10 بەنزینخانەیە. هەروەها کاتی دابەشکردنی بەنزینیش درێژبکرێتەوە کە ئێستا تاوەکو کاژێر 01:00 دابەش دەکرێت.
 
لوقمان وەردی ئەوەی خستەڕوو، "سبەینێ لیژنەی شارەوانیی پەرلەمان کۆدەبێتەوە و یەکێک لە تەوەرەکان کە قسەی لەسەر دەکەین نرخی گواستنەوەیە. لە هەفتەی ئایندەوە بە مەیدانی بەدواداچوونی بۆ دەکەین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.