نووسینە کوردییەکانی سەر تابلۆکانی زانکۆی کوردستان دانرانەوە

23-08-2021
ناسر پیرۆتی
نیشانەکردن زانکۆی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای لادانی نووسینە کوردییەکانی سەر تابلۆکانی زانکۆی کوردستان لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، جارێکی دیکە تابلۆکان بە زمانی کوردی دانرانەوە.
 
بەختیار سەجادی، مامۆستای بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە زانکۆی کوردستان لە سنە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە دوو وێنەی لە پەیجی خۆی لە فەیسبووک بڵاوکردنەوە کە دەریدەخات بە زمانەکانی کوردی، ئینگلیزی و عەرەبی دووبارە ناوی کۆلێژی زمان و توێژینگەی کوردستانناسی لەسەر تابلۆکانی کۆلێژەکە دانراونەتەوە.
 
سەجادی دەڵێت: "بەهۆی پشتیوانی و پاڵپشتیی هەموو خەمخۆرانی وشەی کوردییەوە توانیمان بەسەر ئەو پیلانە نەگریسەدا سەرکەوین."
 
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ژمارەیەک خوێندکار، کە لە دەستەی بەڕێوەبەریی لقی بەسیج لە زانکۆی کوردستانی سنەن، نووسراوە کوردی، ئینگلیزی و عەرەبییەکانی سەر تابلۆکانی کۆلێژی زمان و ئەدەبیات، ناوەندی توێژینەوەی کوردستانناسی و باڵەخانەی ناوەندیی زانکۆی کوردستانیان رەشکردبووەوە و تەنیا نووسراوە فارسییەکانیان هێشتبووەوە. ئەو کارەش دوای ئەوە هاتبوو لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی کولتووری زانکۆکەدا پێشنیازەکەیان بۆ سڕینەوەی نووسراوە نافارسییەکان تاوتوێ نەکرابوو.
 
دوای بڵاوبوونەوەی وێنەکان، رۆشەن خۆشنەوازی، جێگری سەرۆکی زانکۆی کوردستان بۆ کاروباری کولتووری و کۆمەڵایەتی رایگەیاند، بۆ ئەو کارە مۆڵەت لە سەرۆکایەتی زانکۆ وەرنەگیراوە و لەرێگەی یاساییەوە بەدواداچوون بۆ لێپرسینەوە لەو کەسانە دەکرێت کە تابڵۆکانیان شێواندووە.
 
لابردن و رەشکردنەوەی نووسراوە کوردییەکان کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە. 20 رێکخراو و دامەزراوەی مەدەنی و دەیان چالاکڤانی نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ئیدانەی ئەو کارە دەکەن و بە هەوڵێک بۆ وەستاندنی ئەو کەسانە لە قەڵەمی دەدەن کە لە هەوڵی هێنانەدی مافەکانی کورددان. دەشڵێن، ئەو رەوتە گوماناوییەی کە پەیکەری مامۆستا هەژار دەسووتێنێت و تابڵۆ کوردییەکانی زانکۆی سنە دەشێوێنێت، دەیەوێ بنەمای پێکەوەژیانی مێژوویی نەتەوە و مەزهەبەکان لە ئێران تێکبدات.
 
هەروەها بەرەی یەکگرتووی کورد لە راگەیێندراوێکدا داوای کردبوو، بە زوویی تابڵۆکان چاک بکرێنەوە و بە کوردی ناوی شوێنەکانیان لەسەریان بنووسرێتەوە و ئەو کەسانەش سزا بدرێن کە ئەو کارەیان کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان

14 بەربژێری تورکمان و 7 بەربژێری کریستیان لە هەولێر رکابەرایەتی بۆ بەدەستهێنانی کورسیی کۆتاکان دەکەن

لە بازنەى پارێزگاى هەولێر 14 بەربژێرى کۆتای تورکمان بۆ یەک کورسی رکابەری دەکەن و 7 بەربژێرى کریستیانیش ناویان تۆمار کردووە بۆ ئەو کورسییەى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمان کوردستان لەو پارێزگایە بۆیان دیاریکراوە، بەڵام بەرەى تورکمانى لە دەرەوەى کۆتا بە لیستێکى 11 کەسی بەشدارە.