قوباد تاڵەبانی: قۆناخی داهاتووی بایۆمەتری دابەشکردنەوەی فەرمانبەرانە بەسەر فەرمانگەکاندا

 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا بە وەکالەت و شاندی یاوەری کرد و لەبارەی پلان و بەرنامەکانی چاکسازیی حکومەتەوە قسەیان کرد و راشیگەیاند، قۆناخی داهاتووی بایۆمەتری دابەشکردنەوەی فەرمانبەرانە بەسەر فەرمانگەکاندا.
 
رۆژی دووشەممە 23-08-2021 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مێلانی سمارت كۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا بە وەكالەت و شاندێكی یاوەری كۆبووەوە و لەبارەی بارودۆخی ئابووری و وەبەرهێنان و چاكسازییەكان گفتوگۆیان كرد.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی حکومەت، لە كۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی پلان و بەرنامەكانی چاكسازیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ شاندە بەریتانییەكە روونكردەوە؛ لەوانەش "پرۆژەی بایۆمەتری و نەهێشتنی گەندەڵی"، باسی لەوەش کردووە، قۆناخی داهاتووی بایۆمەتری "سەرلەنوێ دابەشكردنەوەی فەرمانبەرە بەسەر فەرمانگەكاندا".
 
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە شاندە بەریتانییەكە كرد هانی كۆمپانیاكانی وڵاتەکەیان بدەن وەبەرهێنانی زیاتر بكەن لە هەرێمی كوردستان، بەتایبەت كە ئێستا حكومەت سەرقاڵی پێداچوونەوەیە بەو یاسا و رێكارانەی رێگر و لەمپەرن لەبەردەم وەبەرهێناندا.
 
هەروەها قوباد تاڵەبانی باسی لەوەش كردووە، "لە هەرێمی كوردستان هەندێک دەرفەتی وەبەرهێنان هەن تاوەکو ئێستا كاریان تێدا نەكراوە، لەوانەش وزەی خۆر و دروستكردنی بەنداوی جۆراوجۆر و چۆنێتیی بەڕێوەبردنی سامانی ئاو".
 
لە تەوەرێكی دیکەی كۆبوونەوەكەدا تیشك خرایە سەر سیستەمی بانک لە هەرێمی كوردستان و كەموكوڕییەكانی باسکران.