رووپێوییەک لە کوردستان: 23%ـی گەنجان و هەرزەکاران نازانن کۆندۆم بۆ رێگریی لە سکپڕی بەکاردێت
رووداو دیجیتاڵ
رووپێویی هەرزەکاران و لاوان لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2019 لەلایەن وەزارەتی پلاندانان، دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و بە هاوکاریی رێکخراوەکانی UNFPA و UNICEF لە سێ پارێزگای هەرێمی کوردستان لەسەر کەسانی تەمەن 10 بۆ 30 ساڵ کراوە. بەپێی رووپێوییەکە، 92.6%ـی بەشداربووان بێبەرامبەر لە کەرتی حکومی دەخوێنن، بەڵام 39.9%یان گرنگی بە خوێندن دەدەن. هاوکات 23%ـی گەنجان و هەرزەکاران هیچ رێگەیەک نازانن بۆ رێگری لە سکپڕی.
رووپێوییەکە بەشێوەی بوار کراوە کە مەبەست لێی رێکخستنەوەی خێزانە بۆئەوەی سەردانی توێژەران بکەن بۆ چاوپێکەوتن. لە هەر یەکە لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک 125 بوار هەڵبژێردراوە و بۆ هەر بوارێک پێنج خێزان بەشداربوونە، بەو شێوەیە لە هەر پارێزگایەک 625 خێزان سەر بە هەردوو ژینگەی شارنشین و گوندنیشن بەشداربوون.
ئەمڕۆ یەکشەممە لە رێوڕەسمێکدا ئەنجامەکانی رووپێوییەکە ئاشکرا کرا کە 25 رۆژی کارکردن پێویستبووە بۆ تەواوکردنی رووپێویەکە، لە راگەیێندراوی دەستەی سەرپەرشتیکاری رووپێوییەکەدا هاتووە، "بەپێی دوایین خەمڵاندنی دانیشتووان لە 2018 هەرزەکاران و لاوان لە تەمەنی 10 بۆ 30 ساڵی 39.5%ـی کۆمەڵگەی کوردی پێکدەهێنن".
یەکێک لە رێگەکان بۆ رێگریی لە سکپڕی بەکارهێنانی کۆندۆمە (توورەکەیەکی پلاستیکییە بەکاردەهێندرێت بۆ رێگریی لە گەیشتنی تۆوی نێرینە بە هێلکەی مێینە و دروستبوونی منداڵ، هەروەها بەکاریشدەهێنرێت بۆ رێگریکردن لە گواستنەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان) بەپێی ئەو رووپێوییە، ئەو گەنج و هەرزەکارانە نازانن ئەو رێگەیە هەیە. رێژەکەش لەنێو گەنجان و هەرزەکارانی نێرینە زیاترە وەک لە مێینە، بەجۆرێک 28.5%ـی نێرینە نازانن و لە بەرامبەردا 17.5%ـی مێینە نازانن.
بەشێک لە ئەنجامەکانی رووپێوییەکە:
ئەوانەی باری تەندروستییان باش هەڵدەسەنگێنن: 91.9%ـن
ئەوانەی گوێبیستی نەخۆشیی ئایدز بوون: 92.9%ـن
ئەوانەی بەلانی کەم دەزانن نەخۆشییەکە لە رێگەی سێکس دەگوازرێتەوە: 88.5%ـن
ئەوانەی کێشیان دەپارێزن: 45.1%ـن
ئەوانەی گرنگی بە هیچ نادەن: 1.6%ـن
ئەوانەی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە گرنگ دەزانن: 12%ـن
ئەوانەی یارییە ئەلیکترۆنییەکان دەکەن: 47%ـن
ئەوانەی چوونە وڵاتێکی دیکە بە ئامانجێکی گرنگ دەزانن: 5%ـن
ئەوانەی کاتە بەتاڵەکانیان بە سەیرکردنی تەلەڤزیۆن بەسەردەبەن: 52.1%ـن
ئەوانەی هاوڕان کە خوێندنی کوڕان لە کچان گرنگترە 15.1%ـن
ئەوانەی هاوڕان کە دەبێت مێینە بەر لە کردنی هەر کارێک رەزامەندی بەخێوکەریان وەربگرن: 89.7ـن
ئەوانەی لەگەڵ فرەژنیدان: 17.2%ـن
ئەوانەی ئاستی زانیارییان لە بەکارهێنانی کۆمپیوتەر باشە: 13.9ـن
ئەوانەی هەست بە ئارامییەکی زۆر دەکەن لەکاتی ئەنجامدانی کارەکانی رۆژانەیان: 81.2%ـن