ئێران بە گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک مەترسیی لەسەر هەرێمی کوردستان دروستکردووە

23-08-2020
بەختیار قادر
بەختیار قادر
مەترسیی وشکبوونی هەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵی هەیە
مەترسیی وشکبوونی هەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵی هەیە
نیشانەکردن ئاو هەرێمی کوردستان ئێران رووبار
A+ A-
 
رووداو - سۆران

جارێکی دیکە حکومەتی ئێران ئاوی زێی بچووکی گلدایەوە و ئاستی ئاوی زێیەکە به‌ رێژه‌یه‌ك دابه‌زیووه‌ خه‌ریكه‌ هه‌زاران دۆنم كێڵگه‌ی كشتوكاڵی وشک ده‌كات. مه‌ترسی سه‌ر به‌رهه‌م هێنانی 150 مێگاوات كاره‌با و 400 پرۆژه‌ی به‌خێوكردنی ماسییش دروستبووە. 
 
جووتیارێک له‌ سه‌ر چەمی خاسەی زێی بچووك 35 دۆنم زه‌ویی به‌ 12 جۆر به‌رهه‌مه‌ وه‌رزییه‌ كشتوكاڵیه‌كان داچادووه‌. رۆژانه‌ پێویستی به‌ ئاوه‌ تاوەکو رووبه‌ری كێڵگه‌كانی به‌راو بكات، به‌ڵام ئاستی ئاوی زێیەکە تا دێت له‌ کەمی ده‌دات و خه‌ریكه‌ ره‌نجی ساڵانه‌ی ئه‌و ‌و سه‌تانی دیكه‌ به‌ هه‌ده‌ر دەچێت و رووبه‌ری سێ هه‌زار دۆنم زه‌وی بێئاو ده‌مێنێته‌وه‌.
 
كاوه‌ حاجی، جووتیارە و دەڵێت، "پێنج رۆژه‌ رۆژانه‌ ئاستی ئاوه‌كه‌ داده‌به‌زێت و ئێمه‌ش به‌پێی دابه‌زینی ئاوه‌كه‌ بیره‌كانمان قووڵتر ده‌كه‌ین، به‌س خۆ ئه‌وه‌ هه‌روا نامێنێت. ئەگەر گلدانه‌وه‌ی به‌رده‌وام بێت كاره‌سات رووده‌دات و هه‌زاران كاسبكار ده‌سته‌وه‌ستان ده‌مێننه‌وه‌. خودا بكه‌م ئه‌و رۆژه‌ نه‌بینین!"
 
نزیكەی هه‌فته‌یه‌كه‌ ئێران جارێكی دیكه‌ ئاوی زێی بچووكی لە به‌نداوی كۆڵه‌سه‌ی سه‌رده‌شت گلداوه‌ته‌وه‌ و رۆژ دوای رۆژ زێییەکە رووبه‌ری وشكانیی تێدا زیاتر ده‌بێت. ته‌نیا له‌ پشده‌ر و بیتوێن 400 پرۆژه‌ی به‌خێوكردنی ماسیی له‌سه‌ره‌. 
 
زانیار محه‌ممه‌د، خاوه‌نی پرۆژەی ماسییە و دەڵێت، "خۆتان ده‌زانن پرۆژه‌ی ماسی یانی ئااوی زۆر. سه‌یر بكه‌ ئاستی ئاوی بیر و زێی بجووك چی به‌سه‌ر هاتووه‌! ئاوا بڕوات سه‌تان خاوه‌ن پرۆژه‌ تووشی زیانی ماڵیی بێشومار ده‌بن"‌.
 
به‌نداوی دووكان بڕی حه‌وت ملیار مه‌تر سێجا ئاو ده‌گرێت. سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی ئاوه‌كه‌ی زێی بچووكه‌، بڕی 150 مێگاوات كاره‌بای لێ‌به‌رهه‌م ده‌هێنرێت. تا ده‌رژێته‌ رووباری دیجله‌ هه‌زاران دۆنم زه‌وی به‌راو ده‌كات.
 
ره‌حمان خانی، به‌ڕه‌وه‌به‌ری به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "له‌و سنووره‌ی كه‌ ده‌رژێته‌ هه‌رێمی كوردستان تا دیاله‌ و هه‌ردوو به‌ره‌كانی سیروان ملیۆنان دۆنم زه‌ویی كشتوكاڵی و پرۆژه‌ی ماسی و به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با و سه‌رچاوه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌ی سه‌تان جۆر باڵنده‌یه‌. بە به‌رده‌وامیی گلدانه‌وه‌ی ئاوه‌كه‌ له‌لایه‌ن ئێران و ده‌سته‌وه‌ستانیی حكومه‌تی هەرێمی كوردستان و عێراق كاره‌سات رووده‌دات".
 
سێیەم ساڵە‌ له‌ وه‌رزی هاویندا حكومه‌تی ئێران ئاوی هه‌ردوو رووباری زێی بچووك و سیروان ده‌گرێته‌وه‌. به‌ دروستكردنی شه‌ش به‌نداو و لێدانی تونێل بۆ ده‌ریاچه‌ی ورمێ له‌سه‌ر لقی رووباره‌كان‌ نیازیه‌تی تاوەکو ساڵی 2030 ته‌واوی ئاوه‌كه‌ گلبداته‌وه‌. 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی ورمێ.

پلاندانانی ورمێ: بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان پێویستمان بە 262 ملیۆن دۆلارە

سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردن و پلاندانانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی پارێزگاکە کە بەشی زۆریان راگیراون، پێویستیان بە زیاتر لە 262 ملیۆن دۆلارە.