دڵ و مێشکی منداڵێکی چوار ساڵی شەهید ئاسۆی کوڵەجۆ دەوەستن

23-08-2019
ساوێن سەعید
شەهیدبوونی باوکی، ژیانی بڕیاری تەمەن چوار ساڵ دەگۆڕێت
شەهیدبوونی باوکی، ژیانی بڕیاری تەمەن چوار ساڵ دەگۆڕێت
نیشانەکردن بڕیار
A+ A-

رووداو - سلێمانی

منداڵێکی شەهید ئاسۆ جەلال، کە کۆتایی مانگی رابردوو لە سنووری گەرمیان شەهیدبوو، دڵ و مێشکی دەوەستێت. پزیشکەکان توانیویانە دڵی بخەنەوەکار بەڵام هێشتا مێشکی کارناکات.

بڕیاری تەمەنی چوار ساڵە و کوڕی شەهید ئاسۆ مام جەلال مەسۆییە کە رۆژی 31-7-2019 لە هێرشێکی داعشدا لە شارۆچکەی کوڵەجۆی سنووری گەرمیان شەهیدبوو. 

بڕیار سێ برای دیکەی هەیە کە هەموویان لە خۆی گەورەترن. وەک کەسوکارەکەی دەڵێن، لەگەڵ باوکی زۆر هۆگری یەکدی بوون، هەر ئەوەش وایکردووە دوای شەهیدبوونی باوکی ئیدی وەک جاران نەمێنێت.

هێشتا پزیشکەکان ئامادەنین لەسەر نەخۆشییە کتوپڕەکەی ئەو منداڵە قسە بکەن. بەگوتەی کەسوکارەکەی بڕیار دوو جار دڵی وەستاوە و پزیشکەکان خستوویانەتەوە کار، بەڵام هێشتا مێشکی کارناکات.

هەیفا ئیسماعیل، دایکی بڕیار لە نەخۆشخانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هیچ داوایەکی لە حکومەت و خەڵک نییە تەنیا ئەوە نەبێت کە لە خودا بپاڕێنەوە منداڵەکەی سەلامەت بێت.

دایکی بڕیار دەڵێت "23 رۆژە باوکی شەهیدبووە، لەو کاتەوە نان و ئاوی نەخوارد. پرسیارمان لێدەکرد، دەیگوت راست ناکەن باوکم نەمردووە، بێتاقەت بوو و قسەی لەگەڵ کەس نەدەکرد. بەبۆنەی کەمخۆری نەخۆشکەوت و بردمە نەخۆشخانە، شەوێک لە نەخۆشخانە خەوێندرا و ئاوی تێکرا. بەڵام کە هێنامە ماڵەوە دەڕشایەوە، دواتر تۆزێک باشتر بوو. بەڵام شەوی رابردوو دەیگوت دایە ملم ئازاری هەیە و منیش دەمشێلا و قاچەکانی سارد بوون. کاژێر 6ی بەیانی هەستام بینیم کەف لەناو دەمیەتی و زمانی کەوتبووە ژێر ددانی. ئیدی هێنامانە نەخۆشخانە، لێرەش گوتیان شەکرەی بەرزبووەتەوە".


نەوشیروان جەلال، مامی بڕیار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بڕیار لەو کاتەوەی زانی کە باوکی شەهیدبووە،  ئیدی ژیانی بە تەواوی گۆڕا، چونکە زۆر هۆگری باوکی بوو. ئەگەر باوکی لە ئەرکیشدا بووایە رۆژانە چەندین جار بە تەلەفۆن قسەیان دەکرد. لە دوای شەهیدبوونی باوکی، بڕیار زۆر لاوازبوو، بێتاقەت بوو، خواردنی نەدەخوارد. تاوەکو ئەمڕۆ دڵ و مێشکی وەستا بوو، پزیشکەکان توانیانە دڵی بخەنەوەکار بەڵام هێشتا مێشکی کارناکات و ئاگای لە خۆی نییە".

شەوی 31-7-2019 داعش بە هەشت گوللـە هاوەن هێرشی کردە سەر ناحیەی کوڵەجۆ لە کفری، لە ئەنجامی تەقینەوەی گوللـە هاوەنەکان و شەڕ لەنێوان ئەوان و هێزەکانی دژەتیرۆر، فەرماندەیەک و سێ کارمەندی ئاسایش و دژەتیرۆر شەهید بوون، هەشت کەسی دیکەش بریندارن.

داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.