لە گوندێكی دهۆک له‌سه‌ر كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌سێك كوژرا

رووداو - دهۆك

لە قەزای سێمێلی دهۆک له‌سه‌ر كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌سێكی تەمەن 47 ساڵ كوژرا.

رۆژی سێشەممە 23-8-2016 له‌ گوندی باختمێ سه‌ر به‌ قه‌زای سێمێل كه‌سێكی ته‌مه‌ن 47 ساڵ کوژرا. به‌پێی زانیارییه‌كانی به‌ڕێوەبه‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای دهۆك رووداوه‌كه‌ به‌ هۆی كێشه‌یه‌كی كۆمەڵایه‌تی بووه‌.

رائید هێمن سلێمان، به‌رپرسی په‌یوه‌ندی و راگه‌یاندنی به‌رێوبه‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای دهۆك به‌ (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگه‌یاند، كاژێر 7:40 خوله‌كی به‌یانی ئه‌مڕۆ پۆلیسی نه‌هێشتنی تاوان له‌ دهۆك ئاگاداركرانه‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌بوونی ته‌رمێك له‌ گوندی باختمێ، دوای چوونی تیمی په‌یوه‌ندیدار ئاشكرابوو، كه‌ به‌هۆی كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌سێك به‌ناوی (ق.ش) كوژراوه‌.

به‌ پێی زانیارییه‌كان ئەو كەسە تەمەنی 47 ساڵە و پێشتر كێشه‌ی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌یه‌ك هەبووە.

رائید هێمن گوتیشی "لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و رووداوە به‌رده‌وامه و پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ كراوەتەوە".