فەهمی بورهان: سەرژمێری بۆ کەرکووک لەم قۆناخەدا مەترسیدار دەبێت


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەنجامدانی سەرژمێریی دانیشتووان لەم قۆناخەدا لە کەرکووک مەترسیدارە، چونکە پارێزگاکە لەبەردەم شاڵاوێکی بەرفراوانی تەعریبی نەتەوەیی و مەزهەبیدایە. زانیاریمان بەدەستگەیشتووە ئێستا عەرەبەکان سەرقاڵی دروستکردنی گوندی گەورەن بۆ شێواندنی دیمۆگرافیای کەرکووک".
 
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتی، "سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لەم قۆناخەدا رووبەری کێشەکانی کەرکووک بەرفراوانتر دەکات". گوتیشی، ئێستا گەورەترین کێشەی کورد لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان شاڵاوی بەعەرەبکردنە.
 
فەهمی بورهان ئاماژەی بەوەشکرد، چوونی عەرەبی هاوردە بۆ کەرکووک بە شێوەیەکی "چاوەڕوان نەکراو" زیادی کردووە و "پێمان وایە تاوەکو ئەو کاتەی مادەی 140 جێبەجێ دەکرێت، هەر هەنگاوێک بۆ گۆڕینی دیموگرافیای ئەو شارە لە دەرەوەی دەستووردایە".
 
"ئێستا بەعەرەبکردن لە کەرکووک گەیشتووەتە ئاستێک جگە لە بەعەرەبکردنی نەتەوەیی، بەعەرەبکردنی مەزهەبیش هەیە،" سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئەمەی گوت.
 
بە گوتەی فەهمی بورهان، ئێستا عەرەب بە ئاشکرا و بە لێشاو روو لە کەرکووک دەکەن و رایگەیاند، "راپۆرتمان پێگەیشتووە کە عەرەبەکان گوند دروستدەکەن لە دەوروبەری کەرکووک و بەو جۆرەش دیمۆگرافیای پارێزگاکە بە تەواوی دەشێوێنن".
 
بە گوێرەی دەستووری عێراق کە ساڵی 2005 بە زۆرینەی دەنگی خەڵکی عێراق پەسند کرا، دەبووایە تاوەکو 31-12-2007 مادەی 140 جێبەجێ بکرێت، کە لە سێ قۆناخی ئاساییکردنەوە، سەرژمێری و گشتپرسی پێکدێت، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا بەشێکی قۆناخی یەکەمی مادەکە جێبەجێ کراوە.
 
حکومەتی عێراق بڕیاریداوە 20ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ سەرژمێریی گشتی دانیشتووان بکات کە یەکێکە لە دیارترین پێداویستییەکانی ژیانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و لایەنەکانی دیکە.
 
لە ساڵی 2009ەوە حکومەتی عێراق بەنیازە سەرژمێری بکات، بەڵام رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان ێگر بووە لێی. 
 
عێراق بڕیاریدابوو هه‌ر 10 ساڵ جارێك سه‌رژمێری بکات. عێراق لە ساڵانی 1927، 1934، 1947،1957، 1965، 1977، 1987، 1997 سەرژمێری کردووە، بەڵام هەرێمی کوردستان لە دوایین سەرژمێرییەکەدا نەبوو و ئێستا عێراق کار بە سەرژمێریی ساڵی 1957 دەکات.