رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی پەنابەرانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەدوای رێککەوتنی ئەمنیی ئێران و عێراق شێوازی مافی پەناخوازی و مانەوە لە هەرێمی کوردستان گۆڕاوە و ماوەی سێ مانگ زیاترە فۆرمی پەناخوازی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە نادرێتە هیچ پەناخوازێک.
ئەنوەر عەلی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پەنابەرانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "شێوازی مافی پەناخوازی لە هەرێمی کوردستان لە دوای رێککەتننامەی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران گۆڕاوە، ئێستا نە پشتگیریی حیزبەکانی رۆژهەڵات بۆ مافی پەناخوازی کاری پێدەکرێت، نە مافی پەناخوازیی ساڵانە دەدرێت."
پێشتر بە پشتگیریی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان مافی پەناخوازی و مافی مانەوە دەدرایە کوردانی رۆژهەڵات.
سەرۆکی ئەنجوومەنی پەنابەرانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان دەڵێت "پێشتر دوو رێگە هەبوون بۆ ئەوەی خەڵک لە رۆژهەڵاتەوە بێنە باشووری کوردستان، بەشێکیان بە نافەرمی و بە مەرزەکان بەقاچاخ دەهاتن، هەندێکیان بە پاسپۆرت دەهاتن و دەیانگوت قاچاخن و دەبوونە ئەندامی حیزبەکان، لە هەردوو کاتەکەدا، پشتگیری حیزبەکان کاری پێدەکرا، بەڵام ئێستا ئەوانەی بە قاچاخ بێن پشتگیری حیزبەکان بۆ ئەوان کاری پێناکرێت، دەبێت فۆرمی پەناخوازی لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەربگرن و دواتر داواکاری پێشکێش بە بەشی پەنابەرێتی بکەن و ئەوان بە کەیسەکەدا دەچنەوە و ئەگەر رەزامەنی دامودەزگاکان بەتایبەت ئەمنییان هەبێت، ئەوا کارتی سەردانیان پێدەدرێت نەوەک مافی مانەوە، کارتەکە بۆ ماوەی مانگێکە و نوێدەکرێتەوە، بۆ هاتووچۆی نێوان پارێزگاکانیش کاری پێناکرێت."
بە گوتەی ئەنوەر عەلی، ئەو کەسانەی پێشتر مافی مانەوەی ساڵانەیان وەرگرتووە، بۆ نوێکردنەوە، پشتیگیریی حیزبەکانی رۆژهەڵات کاری پێناکرێت، بەڵکو رەزامەندیی بەشی پەنابەرێتی و دامودەزگاکانی ئاسایشی دەوێت، بەڵام مەرجێکی هەیە، دەبێت ئەو کەسە فۆرمی رێکخراوی UNHCRـی هەبێت، ئەو فۆرمەش لەسەر داوای حکومەتی عێراق لە سەرەتای مانگی چوارەوە راگیراوە و نادرێتە کەس.
ئەنوەر عەلی دەڵێت پەناخوازان و ئەنجوومەنەکەیان مەترسیی نەمانی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق "یونامی" هەیە "چونکە کاریگەریی خراپی لەسەر پەناخوازانی رۆژهەڵات هەیە، ئەوکات لەلایەن ئێرانەوە گوشاری زیاتر دەکرێتە سەر عێراق." دەشڵێت "مەترسیی دەستگیرکردن و دادگاییکردنیش زیاتر دەبێت."
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 12 هەزار پەناخوازی رۆژهەڵاتی کوردستان هەن، بەشی زۆریان ئەندامی حیزبەکانی رۆژهەڵاتن، لەدوای رێککەوتننامەی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران چالاکیی حیزبەکانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان سنووردارکراوە، هیچ چالاکییەکی سەربازی و چەکدارییان نەماوە.
رۆژی 19ـی ئاداری 2023 لە بەغدا، عێراق و ئێران کۆنووسێکی ئەمنیی هاوبەشیان واژۆکرد، کە قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەوکاتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران واژۆکەیان کرد. یاداشتەکە هاوئاهەنگی لە رووی پاراستنی سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتی لەخۆگرتووە.
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رۆژی 28-08-2023 لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، "عێراق رێککەوتنی لەگەڵ ئێران واژۆ کردووە و تێیدا باس لە رێگریکردن لە دزەکردنی چەکداران، رادەستکردنی داواکراوان، چەکداماڵین و لابردنی سەربازگەکان کراوە و پابەندبوونەکانی خۆشی جێبەجێ کردووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ