ئەمریکا بۆ رووداو: هانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەدەین رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکەن

23-07-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
 ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا. وێنە: بەرزین سەعدی - رووداو
ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا. وێنە: بەرزین سەعدی - رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، دەبێت رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا پێی وایە دەبێت ئاسایشی شنگال لەژێر دەستی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پۆلیسی نێوخۆیی شنگالدا بێت. 
 
رۆژی سێشەممە، 23ـی تەممووزی 2024، ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن گوت، "رێککەوتنی شنگال دەستپێکێکی گرنگ بوو بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو کەسانەی لە جینۆسایدەکەی 2014 کە لەلایەن داعشەوە ئەنجامدرا، کرانە ئامانج، بەڵام رێککەوتنەکە تاوەکو ئێستا بەتەواوی جێبەجێ نەکراوە. دەبێت ئەو رێککەوتنە بە هاوئاهەنگی کۆمەڵگە نێوخۆییەکان لەنێویاندا ئێزدییەکان جێبەجێ بکرێت".
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان هانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدەن رێککەوتنەکە جێبەجێ بکەن و گوتی، "هانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدەین لە جێبەجێکردنی بنەماکانی رێککەوتنی شنگال بەردەوام بن کە خۆی لە ئاسایش، بەڕێوەبردن و بنیادنانەوەی شنگال دەبینێتەوە".
 
میلەر گوتیشی، "بەردەوامین لە داکۆکیکردنی ئەوەی ئاسایشی شنگال لەژێر دەستی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق و ئاسایشی عێراقدا بێت، لەنێویاندا پۆلیسی نێوخۆیی کە بەپێی رێککەوتنی شنگال دامەزرا".
 
رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2020 واژۆکرا.
 
رێککەوتنەکە چەند خاڵێک لەخۆدەگرێت کە دیارترینیان دەرکردنی هەموو هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکەیە لە شنگال، لەگەڵ راسپاردنی ئەرکی پاراستنی ئاسایشی شارەکە بە پۆلیس، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگریی فیدراڵی.
 
دانانی قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال، ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و رەخساندنی زەوینە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان لە خاڵەکانی دیکەی رێککەوتنەکەن.
 
ئەوە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە 23-7-2024 ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوە لە واشنتن پێشوازی لە ژمارەیەک کوردی ئێزدی کرد و لە کۆبوونەوە لەگەڵیاندا گوتی، "ئەمڕۆ لێرەین، پێش یادکردنەوەی 10 ساڵەی جینۆسایدی ئێزدی، کریستیان و موسڵمانانی شیعە لەلایەن داعشەوە. جینۆساید، تاوانی دژی مرۆڤایەتی، پاکتاوی ئیتنی دژی ئەو گرووپانە و گرووپەکانی دیکە کرا".
 
هێرشی داعش بۆ سەر شنگال و دەوروبەری لە 3ی ئابی ساڵی 2014دا بوو. هێزی پێشمەرگە بە پاڵپشتی هاوپەیمانان لە تشرینی یەکەمی 2015دا شنگالی کۆنترۆڵکردەوە و 10-7-2017یش کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ لە لایەن حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراقەوە راگەیێندرا.
 
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی هاوکارییەکانی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ عێراق قسەی کرد و گوتی، "لەو ماوەیەدا (ساڵانی 2014-2017) نزیکەی 500 ملیۆن دۆلارمان خەرجکرد؛ سەرنجی هاوکارییەکەشمان لەسەر ئەو ناوچانە بوو کە داعش زیانی گەورەی پێگەیاندن، ئەوە جگە لە دابینکردنی سەتان ملیۆن دۆلار بۆ ئەوانەی زۆریان پێویست بە هاوکاری هەیە".
 
ئەنتۆنی بلینکن گوتی، کاری باش کراوە، بەڵام زۆر کاری دیکە ماوە بکرێت و ئاماژەی بەوە کرد، "هێشتا زیاتر لە ملیۆنێک عێراقی لە ئاوارەییدا دەژین، لەنێویاندا نزیکەی 300 هەزار ئێزدی؛ هەروەها 2 هەزار و 600 ئێزدی هێشتا بێسەروشوێنن؛ سوورین لەسەر ئەوەی بیاندۆزینەوە و چارەنووسیان یەکلایی ببێتەوە و ئەوانەشی لە ژیاندا ماون، رزگار بکەین".
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن بەردەوام دەبێت لەسەر هاوکاریکرکردنی ئەو پێکهاتە و کۆمەڵگەیانەی لە لایەن داعشەوە زیانی گەورەیان پێگەیێندرا، هەروەها کاردەکات بۆ ئەوەی کەسانی ئەنجامدەری ئەو تراژیدییە رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکرێنەوە و پابەندە بەوەوە رێگە نەدات داعش بەهێز بێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە