لە کۆیە باوک و کچێک بەیەکەوە پۆلی 12یان تەواوکرد؛ کامیان نمرەی زۆرتری بەدەستهێناوە؟

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
رەنجە جەمال
رەنجە جەمال
ئامانج عوسمان و لانەی کچی
ئامانج عوسمان و لانەی کچی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

باوک و کچێک لە تەقتەق بەیەکەوە پۆلی 12یان تەواو کرد. ئەو کتێبانەی هاوڕێی رۆژ و شەویان بوون، هەڵیان دەگرنەوە و خۆیان بۆ قۆناخێکی نوێی ژیانیان ئامادە دەکەن.
 
ئامانج عوسمان و لانەی کچی، یەکێک لە گرنگترین قۆناخەکانی ژیانیان بەیەکەوە بڕی. لانە بە یەک ساڵ 96 و باوکیشی دوای سێ ساڵ چاوەڕوانی، تاقیکردنەوەی لە وانەی ئینگلیزی دا کرد و 68ـی بەدەستهێنا.
 
لانە ئامانج  بە رووداوی گوت: "بە تێکڕای نمرەی 96 توانیم یەکەمی سەر ئاستی تەقتەق بم، بەڵام ئەوەی بۆ من جیاواز بوو، جگە لەوەی گرنگترین قۆناخی ژیانم بڕی، ئەوەبوو توانیم لەگەڵ باوکم قۆناخی 12 تەواو بکەم، ئەوە بۆمن مایەی دڵخۆشییەکی زۆربوو".
 
ئامانج عوسمان، باوکی لانە دەڵێت: "منیش دوای سێ ساڵ دابڕان، کە وانەی ئینگلیزیم مابوو، توانیم سەرکەوتووبم و لەگەڵ لانەی کچم ئەو قۆناخە ببڕم".
 
جگە لە ئەم ساڵ، بەهۆی سەرقاڵی بە خوێندن و پێداچوونەوەی وانەکانی، لانە لە ساڵانی رابردوو لە پێگوتنەوەی وانەکان هاوئاهەنگ و مامۆستای باوکی بووە.
 
لانە ئامانج دەڵێت: "من لە قۆناخەکانی پێشتر دەمتوانی لە پێگوتنەوەی وانەکان هاوکاریی باوکم بکەم، چونکە دەرفەتی زیاترم هەبوو، بەڵام ئەم ساڵ بەهۆی سەرقاڵیم بە وانەکانی خۆم و زۆریی وانەکان و گوشاری زیاتر، تەنیا تەرکیزم لەسەر وانەکانی خۆم هەبوو".
 
ئەم خێزانە دانیشتووی ناحیەی تەق تەقی قەزای کۆیە بوون، بەڵام دوای تەواوکردنی تاقیکردنەوەکان بۆ کەرکووک باریان کردووە، بۆیە ئامانج دەیەوێت هەر لەوێ درێژە بە خوێندن بدات، لانەی کچیشی چاوی لەوەیە لە هەرێمی کوردستان زانکۆ تەواو بکات.
 
ئامانج عوسمان باسی لەوە کرد: "منداڵێکی ئۆتیزمم هەیە، لەبەر ئەو ماڵم هێنا بۆ کەرکووک، چونکە سەنتەری ئۆتیزمی لێیە. پشتیوان بەخوا ئەگەر وەربگیرێم دەمەوێت کۆلێژی یاسا لە کەرکووک تەواوبکەم".
 
لانەش باسی لەوە کرد: "دوای بەدەستهێنانی ئەو نمرەیە، دەمەوێت لە یەکێک لە زانکۆکانی کوردستان درێژە بە خوێندن بدەم، دەخوازم لە یەکێک لە بەشە پزیشکییەکان بخوێنم یان هەر بەشێکی دیکە بێت".
 
ئامانج عوسمان پۆلیسی نەوت و گازە، بە تاقیکردنەوەی دەرەکی قۆناخی 12ـی بڕی، لانەش لە ئامادەیی تەق تەقی کچان قوتابی بوو، ئەو تەنیا بە پشتبەستن بە مامۆستایانی قوتابخانەکەی کۆنمرەی دڵخوازی خۆی لە پۆلی 12 بەدەستهێنا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە