وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: سوورین لەسەر دۆزینەوەی بێسەروشوێنانی ئێزدی


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ ژمارەیەک کوردی ئێزدی کۆبووەوە و ئاماژەی بەوە کرد، 10 ساڵ پێش ئێستا رێکخراوی داعش ملیۆنان هاووڵاتی لە ناوچەکانی خۆیان لە عێراق ئاوارە کرد کە ژمارەیەکی زۆر لەوانیش کوردی ئێزدی بوون. بۆیە "سوورین لەسەر ئەوەی بیاندۆزینەوە و چارەنووسیان یەکلایی ببێتەوە." 
 
ئەمڕۆ سێشەممە 23-7-2024 ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوە لە واشنتن پێشوازی لە ژمارەیەک کوردی ئێزدی کرد و لە کۆبوونەوە لەگەڵیاندا گوتی، "ئەمڕۆ لێرەین، پێش یادکردنەوەی 10 ساڵەی جینۆسایدی ئێزدی، کریستیان و موسڵمانانی شیعە لەلایەن داعشەوە. جینۆساید، تاوانی دژی مرۆڤایەتی، پاکتاوی ئیتنی دژی ئەو گرووپانە و گرووپەکانی دیکە کرا."
 
هێرشی داعش بۆ سەر شنگال و دەوروبەری لە 3ی ئابی ساڵی 2014دا بوو. هێزی پێشمەرگە بە پاڵپشتی هاوپەیمانان لە تشرینی یەکەمی 2015دا شنگالی کۆنترۆڵکردەوە و 10-7-2017یش کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ لە لایەن حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراقەوە راگەیێندرا. 
 
ئەنتۆنی بلینکن گوتی، "لەنێوان ساڵانی 2014 و 2017، داعش ملیۆنان عێراقی لە ناوچە مێژووییەکانی خۆی ئاوارە کرد، لەنێویشیاندا زۆرینەی ئێزدییەکان. ئێمە لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی و بەرپرسانی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی عیراق لەنزیکەوە کارمان کرد تاوەکو هاوکاریی ئەو کۆمەڵگەیانە بکەین، هەروەها بۆ ئەوەی سەقامگیری و سەروەریی خاکی عێراق باشتر بکەین؛ کارمان کرد تاوەکو دڵنیابین داعش ناتوانێت جارێکی دیکە سەرە ناشرینەکەی بەرز بکاتەوە."
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی هاوکارییەکانی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ عێراق قسەی کرد و گوتی، "لەو ماوەیەدا (ساڵانی 2014-2017) نزیکەی 500 ملیۆن دۆلارمان خەرجکرد؛ سەرنجی هاوکارییەکەشمان لەسەر ئەو ناوچانە بوو کە داعش زیانی گەورەی پێگەیاندن، ئەوە جگە لە دابینکردنی سەتان ملیۆن دۆلار بۆ ئەوانەی زۆریان پێویست بە هاوکاری هەیە." 
 
ئەنتۆنی بلینکن گوتی، کاری باش کراوە، بەڵام زۆر کاری دیکە ماوە بکرێت، "هێشتا زیاتر لە ملیۆنێک عێراقی لە ئاوارەییدا دەژین، لەنێویاندا نزیکەی 300 هەزار ئێزدی؛ هەروەها 2 هەزار و 600 ئێزدی هێشتا بێسەروشوێنن؛ سوورین لەسەر ئەوەی بیاندۆزینەوە و چارەنووسیان یەکلایی ببێتەوە و ئەوانەشی لە ژیاندا ماون، رزگار بکەین". 
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن بەردەوام دەبێت لەسەر هاوکاریکرکردنی ئەو پێکهاتە و کۆمەڵگەیانەی لە لایەن داعشەوە زیانی گەورەیان پێگەیێندرا، هەروەها کاردەکات بۆ ئەوەی کەسانی ئەنجامدەری ئەو تراژیدییە رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکرێنەوە و پابەندە بەوەوە رێگە نەدات داعش بەهێز بێتەوە.