لە 10 ساڵدا ماسی لە دەریاچەکانی دووکان و دەربەندیخان 35% كەمیان كردووە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆكی كۆمەڵەی گەشەپێدانی سامانی ماسی دەڵێت، لە 10 ساڵدا ماسیی سرووشتیی نێو دەریاچەكانی دووكان و دەربەندیخان بە رێژەی 35% كەمیان كردووە. هۆكارەكەشی بۆ زۆریی راوكردن گەڕاندەوە و گوتی، "تاوەكو مانگی 10 بەنیازی هەرزانبوونی نرخی ماسی نەبن".
سەڵاح مەجید، سەرۆكی كۆمەڵەی گەشەپێدانی سامانی ماسی كە هاوكات سەرۆكی لیژنەی مۆڵەتی پڕۆژەكانی ماسییە لە هۆبەی سامانی ماسیی سلێمانی، لە میانی بەشداریكردنی پۆدكاستی (بەكاتی سلێمانی)ـی رادیۆی رووداو كە ئاسۆ سەراوی پێشكێشی دەكات، رایگەیاند: ماسیی كوردستان كڕیارێكی زۆری هەیە بەتایبەت دوای تێكدانی بەشی هەرە زۆری حەوزەكانی بەخێوكردنی ماسی لە كەركووک ، نێوەڕاست و خواری عێراق.
دەشڵێت، لە سنووری كەركووک 2500 حەوزی ماسی و لە نێوەڕاست و خواری عێراقیش نزیكەی 4000 حەوزی ماسی بە پاساوی كەمبوونەوەی ئاو تێكدراون، بۆیە ماسی لە عێراق زۆر كەمبووەتەوە و گوشار لەسەر ماسیی كوردستان دروستبووە.
سەرۆكی كۆمەڵەی گەشەپێدانی سامانی ماسی گوتی، 12 ساڵە نرخی ماسی هێندەی ئێستا گران بووە: "ماسی بە نرخی كۆ بۆ هەر كیلۆیەل نۆ هەزار دینارە. تاوەكو سەرەتای مانگی 10 لەم نرخەدا دەمێنێتەوە، بەڵام دواتر بەهۆی پێگەیشتنی ماسی لە حەوزەكانی كوردستان، هەنگاو بە هەنگاو نرخەكە دادەبەزێتەوە بۆ شەش هەزار دینار".
بۆ بەخێوكردنی ماسی چەندین جۆری حەوز هەن. حەوزی هەڵواسراو، حەوزی ئاوی سارد و حەوزی گڵین و حەوزی داخراو. سەڵاح مەجید دەڵێت: "99% حەوزەكانی بەخێوكردنی ماسیی كوردستان گڵین و لەو حەوزانەشدا لە ساڵێكدا یەك جار ماسی پێدەگات، بەڵام ئەگەر حەوزەكا بكرێنە حەوزی داخراو ئەو كاتە دەبێتە پڕۆژە و ساڵانە چەند جارێك دەتوانین بەرهەمی ماسیمان هەبێت تاوەكو ئەوە نەكرێت نرخی ماسی دانابەزێ".
سەرۆكی كۆمەڵەی گەشەپێدانی سامانی ماسی ئەوەشی خستەڕوو، زۆربەی حەوزەكانی بەخێوكردنی ماسی مۆڵەتیان نییە و لەژێر چاودێریی حكومەت كار ناكەن بە نموونەش گوتی: "لە 4500 حەوزی بەخێوكردنی ماسیی هەرێمی كوردستان تەنیا 415یان مۆڵەتی فەرمییان هەیە".
لە بەشێكی دیكەی بەرنامەكەدا، سەڵاح مەجید ئەوەشی ئاشكرا كرد، سامانی ماسی لە هەردوو دەریاچەی دووكان و دەربەندیخان بەڕێژەیەكی بەرچاو كەمی كردووە: "بەپێی بەدواداچوونێكی رێكخراوەكەمان لە 2013بۆ 2023 واتە لە ماوەی ئەو 10ساڵەدا ماسی لە ئاوی دووكان بەڕێژەی 40% و لە ئاوی دەربەندیخانیش بەڕێژە 35% كەمی كردووە".
ئەو بەرپرسەی سامانی ماسی باسی لەوەش كرد، حكومەتی هەرێمی كوردستان بودجەیەكی بۆ نۆژەنكردنەوەی پڕۆژەی هەڵهێنەری پەنجە ماسیی دووكان تەرخان كردووە كە لە 2017ـەوە ئەو پڕۆژەیە كارەكانی وەستاوە: "بڕی 55 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنكردنەوەكە تەرخان كراوە، ئەگەر بكەوێتە كار توانای بەرهەمهێنانی 500هەزار پەنجە ماسی دەبێت، ئەوەش كارێكی زۆر باشە و كاریگەری دەبێت لەسەر بووژانەوەی سامانی ماسی لە هەرێمی كوردستان".