وەزارەتی وزەی ئێران: شەش رۆژی سەختمان بۆ کارەبا لەپێشە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە ئەنجامی هاتنی شەپۆلێکی گەرما و زیادبوونی بەکارهێنانی کارەبا، وەزارەتی وزەی ئێران هۆشداری دەدات و دەڵێت، کارەبای ئەو ماڵ و فەرمانگانە دەبڕن کە کارەبای زۆر بەکاردەهێنن.
 
عەلی ئەکبەر میحرابیان، وەزیری وزەی ئێران رایگەیاند، "پێویستە فەرمانگەکان کۆنترۆڵ بکرێن. بەپێی بڕیاری حکومەت، پێویستە فەرمانگەکان بەکارهێنانی کارەبایان کەم بکەنەوە؛ بۆیە لەو بارەیەوە هیچ کەمتەرخەمییەک قبووڵ ناکرێت. پێویستە لەم دوو هەفتەیەدا ناوەندە بازرگانییەکان و ناوەندە سەربازییەکان موەلیدەکانیان بە تەواوی کار پێبکەن."
 
وەزارەتی وزەی ئێران دەڵێت، پێشبینی دەکەن لە دوو هەفتەی داهاتوودا بەکارهێنانی کارەبا بۆ زیاتر لە 78 هەزار مێگاواتی رۆژانە بەرز ببێتەوە.
 
مستەفا رەجەبی، گوتەبێژی کومپانیای دابەشکردنی کارەبای ئێران دەڵێت، "ئەو هاوبەشانەی بێ رەچاوکردن، کارەبای زۆر بەکاردەهێنن، دەبێت لە ئێستاوە تاوەکو کۆتایی ئەو دوو هەفتەیە بەکارهێنانی کارەبایان کەم بکەنەوە. ئەگەر نەتوانین کارەبای پێویست دابین بکەین، لەڕاستیدا یەکەمجار کارەبای ئەو هاوبەشانە دەبڕدرێت."
 
حکومەتی ئێران چەند رۆژێکە کارەبای کارگە پیشەسازییەکانی بڕیوە، ئەوەش زیانێکی زۆری بەو کەرتە گەیاندووە.
 
ئاریا سادق نییەت، جێگری سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەردنی سەندیکای پێشەسازی ئەلەمنیۆمی ئێران دەڵێت، "بەداخەوە بە پێچەوانەی یاسا، بۆ بڕینی کارەبا یەکەم جار دەست بۆ کەرتی پیشەسازی براوە. بڕینی کارەبا کۆمەڵێک کێشە بۆ پیشەسازییە جیاوازەکان دروست دەکات. بەپێی یاسا، ئەگەر حکومەت نەتوانێت وزەی پێویستی کارگەکان دابین بکات، دەبێت زیانەکانیان قەرەبوو بکاتەوە. چەندین ساڵە کارەبای کارگەکان دەبڕدرێت، بەڵام هیچ قەرەبووکردنەوەیەک نەبووە."
 
لە پارێزگاکانی لوڕستان، سنە، کرماشان و ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستانیش بە مەبەستی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کارەبا، دەوامی فەرمانگە حکومییەکان کەمکراوەتەوە.
 
قوباد رۆستەمی، بەڕێوەبەری کاروباری هاوبەشەکانی کارەبای لوڕستان ئاماژەی بەوە کرد، "ئێستا بەکارهێنانی کارەبامان نزیکەی 760 مێگاواتە، کە بەراورد بە پار نزیکەی 6.5% زیادیکردووە. ئەم زیادکردنە بەهۆی گەرما و زیادبوونی ژمارەی هاوبەشە نوێیەکانمانەوەیە. ساڵانە لەنێوان 20 بۆ 30 هەزار هاوبەشمان زیاد دەکات. داوا لە هاوبەشەکانمان دەکەین بەکارهێنانی کارەبا کەم بکەنەوە."
 
وەزارەتی وزەی ئێران دەڵێت، لەم هاوینەدا ریکۆردی پێوانەیی بەکارهێنانی کارەبا تۆمار کراوە و گەیشتووەتە 77 هەزار و 500 مێگاوات، کە 10 بۆ 15 هەزار مێگاوات زیاترە لە بەرهەمهێنانی ئەو وڵاتە.