مووچە و سەرەتیی شەهیدانی شەڕی داعش دەخرێتە سەر بەغدا

23-07-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەپێی پێشنیازە یاسایەک کە رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکات، مووچە و سەرەتی (ئیمتیاز)ی شەهیدانی شەڕی داعش لە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان هاوتای عێراق دەکرێت و دەخرێتە سەر حکومەتی ناوەندی.
 
بڕیارە رۆژی چوارشەممە، 24ـی تەمموزی 2024، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ یاسای دامەزراوەی زیندانییانی سیاسیی ژمارە چواری ساڵی 2006ـی هەموارکراو بکات، یاساکە شەهیدانی شەڕی داعشی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
 
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی لیژنەی شەهیدان و قوربانیان و زیندانیانی سیاسیی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە خوێندنەوەی یەکەمدا لە پێشنیازە یاساکەدا زۆر بە شایستە و باش ناوی پێشمەرگە و شەهیدانی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان برا، بۆیە بە دڵنیاییەوە یاساکە شەهیدانی شەڕی داعش لەو هێزانەش دەگرێتەوە."
 
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە، بەپێی هەموارەکە، مووچەی شەهیدانی شەڕی داعش لە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان هاوتای مووچەی شەهیدانی عێراق دەکرێت و دەخرێتە سەر حکومەتی ناوەندی.
 
سەبارەت بە سەرەتی بۆ کەسوکاری شەهیدانی شەڕی داعش، چرۆ حەمەشەریف گوتی: "بیمەی تەندروستی بۆ کەسوکاری شەهیدان، کورسیی خوێندن لە قوتابخانە و زانکۆکان،. ئەو قەرزانەی لە بانکەکانەوە دەدرێت و شتی دیکەشیان پێدەدرێت."
 
تاوەکو ئێستا دۆسیەی هەزار و 280 پێشمەرگە لە وەزارەتی پێشمەرگەوە رەوانەی وەزارەتی شەهیدان کراوە بۆئەوەی بۆ دامەزراوەی شەهیدانی عێراق بنێردرێت. ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "ئەوەی دەمێنێتەوە دۆسیەی نزیکەی 800 شەهیدی ئەنجوومەنی ئاسایش، هێزەکانی بەرگری و فریاکەوتن، ئاسایش، زێرەڤانین و ئەوان دۆسیەکانیان نەنێردراوە، چاوەڕوانین دۆسیەکانیان بۆ دامەزراوەی شەهیدانی عێراق بنێردرێت."
 
دوای پەسەندکردنی یاساکە لە 17 مادە پێکدێت، ماف و شایستەکانی شەهیدانی شەڕی دژ بە داعش لە هەرێمی کوردستان هاوتای عێراق دەکرێت.
 
لە شەڕی دژی داعش، زیاتر لە دوو هەزار پێشمەرگە و ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان شەهیدبوون و زیاتر لە 12 هەزاری دیکە بریندار بوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە