نهێنیی نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لە بیرەوەرییەکانی د. رۆژ نووری شاوەیس دا

رووداو دیجیتاڵ
 
د.رۆژ نوری شاوەیس، لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا کە بە ناونیشانی "گەشتێک بە ژیانی پێشمەرگایەتیم" بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە دەکات، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1963 بووەتە پێشمەرگە، هەروەها ئەوکاتەی لە زانکۆی موسڵ خوێندکاری کۆلێژی ئەندازیاری بووە، گرنگی زۆر بە ئەدەبیاتی مارکسی لینینی داوە، لەسەر ئەمەش بەرپرسێکی پارتی لێی تووڕە بووە.
 
"ئەو رۆژەی بوومە پێشمەرگە"
 
د. رۆژ نووری شاوەیس دەڵێت بۆ یەکەمجار لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 1963 چەکی پێشمەرگایەتی لە شان کردووە، کە ئەوکات پۆلی چواری دواناوەندی بووە. ئەویش پاش ئەوەی سدیق مستەفا، فەرماندەی لیوای پێنج فەرمانی قەدەخەی هاتووچۆی لە سلێمانی راگەیاند و بە تانک و تۆپ گەماڕۆی شارەکەی دا و دەستی بە رەشبگیری کرد، پاشان 400 کەسی گوللەباران کرد. 
 
وەک د. رۆژ نووری شاوەیس دەیگێڕێتەوە ئەوکاتە باوکیان مالوومە بووە، بە نهێنی لەگەڵ رەنجی برای خۆیان دەگەیێننە مالوومە، نزیکەی سێ مانگ بە پێشمەرگایەتی لەوێ مانەوە. هەر بەو هۆیەوە ساڵێک خوێندنیان فەوتا.
 
"ئەمە بارەگای شیوعییە یان پارتی"
 
د. رۆژ نووری شاوەیس لە بەشێکی بیرەوەرییەکانیدا دەڵێت: "ئەوکاتە رۆشنبیر، خوێندەوار، جاش رۆشنبیریش هەبوو. من حەزم دەکرد رۆشنبیر بم، ئەدەبیاتی مارکسی لینینی باو بوو، هەر زوو کتێبەکەی لیو چاوچی 'چۆن دەبییە شیوعییەکی باش؟'م خوێندەوە. کە لە زانکۆی موسڵ بەرپرسی قوتابیان بووم، کاک عەلی هاتە بارەگاکەمان، ئەوەندەی کتێبی کۆمۆنیستی لێبوو، پێیگوتم: "ئەمە بارەگای پارتییە یان شیوعی؟"
 
د. رۆژ نووری شاوەیس لە بیرەوەرییەکانیدا بە وردەکارییەوە باسی کێشەکانی نێوان مەکتەبی سیاسیی بە رێبەرایەتی برایم ئەحمەد و مام جەلال لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی، دووبەرەیی، رێککەوتننامەی 11ی ئادار، نسکۆی شۆڕش، قیادە موەقەتە و گەڕانەوەی بۆ کوردستان دەکات.
 
بۆچی شۆڕشی ئەیلوول تووشی نسکۆ بوو؟
 
لە بیرەوەرییەکانیدا د. رۆژ باسی نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول دەکات و دەڵێت، ئێران بۆ ئەوەی گوشار بخاتە سەر سەدام هەندێک چەکی قورسی هێنابووە ناوچەی حاجی ئۆمەران، فڕۆکەیەک لە قەندیل کەوتە خوارەوە، ئیدی فڕۆکەکانی سەدام کە دەهاتن بەرز دەفڕین، ئامانجەکەیان نەدەپێکا، کە سەدام ئەو گۆڕانکارییەی بینی و خەڵکیش کەوتنە نێوان بەغدا و تارانەوە، سەدامیش خۆی هەمیشە پەیوەندی لەگەڵ ئێران هەبوو، لە تورکیا و هەردوو لایەنی عێراقی و ئێرانی چەند کۆبوونەوەیەکیان کرد، لە ئەنجامیشدا گەیشتنە ئەو رێککەوتنەی لە شەشی ئاداری 1975 لە جەزائیر رایانگەیاند. پاش رێککەوتنەکە کە سنوور دادەخات. ئەو تۆپانەشی کە هێنابوونییە سەر سنوور هەمووی کێشایەوە.
 
وەک دکتۆر رۆژ دەیگێڕێتەوە دوو بۆچوون هەبوون بۆ بەردەوامبوونی شۆڕش یان کۆتاییهێنان بە شۆڕش. سەرەتا بڕیاردرا شۆڕش درێژەی هەبێت، کە بەرەکانی لە سێ ناوچە بن، ناوچەی سلێمانی نووری شاوەیس سەردایەتی بکات، ناوچەی ناوەڕاست کاک ئیدریس و ناوچەی بادینانیش کاک مەسعود.
 
د. رۆژ نووری شاوەیس دەڵێت: "کاتێک ئەو سەرکردانە خەریکی خۆئامادەکردن بوون بۆ جێبەجێکردنی ئەو کارە، سەرکردایەتیی شۆڕش رووبەڕووی گوشار و هەڕەشەیەکی زۆر بووەوە، کە ئەگەر شتی وا بکەن ئێران پەلاماریان دەدات، هەروەها تورکیاش دەستی بە هەڕەشەی تووند کرد، بۆیە سەرکردایەتیی شۆڕش بڕیاریاندا بۆ ماوەیەک جێبەجێکردنی رابگرن."