رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کارەبای گەرمیان دەڵێت، 4.7٪ـی کارەبای بەرهەمهێندراوی هەرێمی کوردستان دەدرێتە سنوورەکەیان کە 115 مێگاواتە و لەسەر ئەو بنچینەیەش رۆژانە 12 بۆ 13 کاژێر کارەبا دەدەنە هاوبەشان. دەشڵێت، بەهۆی ئەوەی لە رێگەی هێڵی کارەبای گەرمیانەوە کارەبا دراوەتە پارێزگای دیالە، گرفت بۆ ڤۆڵتییەی کارەبای سنوورەکە دروستبووە.
ئالان ئەرکان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای گەرمیان ئەمڕۆ سێشەممە میوانی بەرنامەی (مژار)ی رادیۆی رووداو بوو کە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات. باسی دۆخی کارەبای سنووری ئیدارەی گەرمیانی کرد و گوتی، گەرمیان رۆژانە 115 مێگاوات کارەبای لە پشکی کارەبای هەرێمی کوردستان هەیە و ئەوانیش بەشێوەیەکی یەکسان بەسەر هاوبەشانی کارەبادا دابەشی دەکەن.
گوتەبێژی کارەبای گەرمیان دەڵێت، رۆژانە 12 بۆ 13 کاژێر کارەبا دەدرێتە هاوبەشانی کارەبا. گوتیشی، خشتەیەکی تایبەتیان بۆ گوندەکانیش هەیە "بە جۆرێک لە کاژێر 11:00ی پێش نیوەڕۆ تاوەکو 3:00ی دوای نیوەڕۆ و پاشان لە 7:30ی ئێوارە بۆ 4:00ی بەیانی کارەبایان پێ دەدرێت، چونکە لە گوندەکان موەلیدەی تایبەت نییە".
ئیدارەی گەرمیان زۆربەی رۆژەکان گەرمترین ناوچەی هەرێمی کوردستانە و پلەی گەرما لە هەندێک رۆژ دەگاتە نزیک 50 پلەی سیلیزی.
ئالان ئەرکان دەڵێت، "بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، وادەکات لە هێڵەکانی کارەبادا ونبوون رووبدات، بەڵام ئەو کارەبایەی کۆمپانیای بەرهەمهێنەری کارەبا دەیفرۆشێتە پارێزگای دیالە، بەهۆی ئەوەی لە رێگەی هێڵی گەرمیانەوە دەیفرۆشێت، گرفتی بۆ دابەزینی ڤۆڵتییەی کارەبا لە سنوورەکەدا دروست کردووە. ئەو کارەبایەی لە رێگەی گەرمیانەوە دەدرێتە بەشێک لە سنووری خانەقین و پارێزگای دیالە وایکردووە ڤۆڵتییە دابەزێت."
گوتەبێژی کارەبای گەرمیان گوتیشی، "ئێستا سێرکت برەیکەرێک لە وێستگەی کارەبای 132 کەیڤیی کەلار دانراوە. لەو رێگەیەوە هەوڵ دراوە کاریگەرییەکەی کەم بکرێتەوە."
کۆتایی ساڵی رابردوو پڕۆژەی گەیاندنی کارەبا بۆ 24 گوندی سنووری ئیدارەی گەرمیان بە گوژمەی سێ ملیار و 500 ملیۆن دینار کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئالان ئەرکان گوتی، "پڕۆژەی گەیاندنی کارەبای نیشتمانی بۆ ئەو 24 گوندە لە جێبەجێکردندایە و نزیکەی 65٪ی کارەکە تەواوکراوە، بەتەواوبوونی ئەم پڕۆژەیەش هیچ گوندێکی ئاوەدان نامێنێ کارەبای پێ نەگەیشتبێت."
لەبارەی کارەکانی وێستگەی کارەبای 132 کەیڤیی کەلار2، گوتەبێژەکەی کارەبای گەرمیان گوتی، "ئەو پڕۆژەیە یەکێکە لە پڕۆژە گەورە و ستراتیژییەکانی سێكتەری کارەبا بۆ سنووری گەرمیان، بڕی 18 ملیار و 380 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە و ئێستا 90٪ی کارەکانی تەواوکراون و بەتەواوبوونی گرفتی بارزۆری لەسەر فیدەرەکانی کارەبا چارەسەر دەکات."
وێستگەی کارەبای 165 مێگاواتی گەرمیان کە لە گازی هاوەڵ (بەفیڕۆچووی) بیرە نەوتییەکانی حەسیرە کارەبا بەرهەم دەهێنێت، ساڵی 2021 کارەکانی دروستکردنی تەواوبوون و دەستی بە بەرهەمهێنانی کارەبا کرد. رووبەری وێستگەکە 35 دۆنم زەوییە و پێکهاتووە لە 180 موەلیدە و 45 بگۆڕ و توانای بەرهەمی کارەبای هەر موەلیدەیەکیش 0.9 مێگاواتە.
ئالان ئەرکان دەڵێت، "وێستگەی بەرهەمهێنانی 165 مێگاواتی گەرمیان لە حەسیرە، ئێستا نزیکەی 60 بۆ 65 میگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت و تێکەڵی تۆڕی نیشتمانیی هەرێمی کوردستان دەکرێت."
گەرمیان یەکێکە لە ناوچە لەبارەکان بۆ پڕۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی تیشکی خۆرەوە. گوتەبێژی کارەبای گەرمیان دەڵێت، "ساڵی رابردوو کۆمپانیایەک داواکاری پێشکێشکرد بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەک بۆ بەرهەمهێنانی 100 مێگاوات کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە. ئێمە داوامان لە کشتوکاڵی گەرمیان کرد بۆ ئەوەی زەوی بۆ تەرخان بکات و ئێستا 1200 دۆنم زەوی بۆ تەرخانکراوە، بەڵام هێشتا کۆمپانیاکە نەهاتووە بەدەم داواکارییەکەیەوە."
لە 27ی ئاداری 2024 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە لێخۆشبوون لە 20٪ی قەرزی کەڵەکەبووی کارەبا. گوتەبێژی کارەبای گەرمیان دەڵێت، "بە رێژەیەکی کەم خەڵک بەدەمەوەچوونیان هەیە بۆ دانەوەی ئەو قەرزە، چونکە بەشی زۆری خەڵک فەرمانبەرە و چاوەڕێی ئەوەن حکومەت لە مووچەی پاشەکەوت قەرزەکانیان دابشکێنێت."
لەبارەی ژمارەی هاوبەشانی کارەبا لە سنووری گەرمیان، ئالان ئەرکان گوتی، "لە سنوورەکە 84 هەزار و 460 هاوبەشی کارەبا هەن. ئەم ژمارەیە رۆژانە زیاد دەکات و ئێستا کۆمەڵێک پڕۆژەی نیشتەجێبوون لەکاردان و بەتەواوبوونیان ژمارەی هاوبەشانمان دەگاتە سەرووی 100 هەزار هاوبەش".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ