تەنیا 20٪ـی قوتابخانەکانى کەرکووک سەر بە خوێندنی کوردین

رووداو دیجیتاڵ 

لە کۆى نزیکەى 2500 قوتابخانەى کەرکووک، 503ـیان خوێندنى کوردین. هەروەها لە کۆی زیاتر لە نیو ملیۆن قوتابیی پارێزگاکە، تەنیا 16٪ـیان لە خوێندنى کوردى دەخوێنن.
 
بەگوێرەى ئەو ئامارانەى تۆڕى میدیایی رووداو لە بەڕێوەبەرایەتى گشتیی پەروەردەى کەرکووک دەستى کەوتوون، 2495 باخچەى منداڵان و قوتابخانەى سەرەتایی و ئامادەیی لەو پارێزگایەدا هەن.
 
سامان جاف، یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى گشتیی پەروەردەى کەرکووک بۆ کاروبارى هونەری بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لەو ژمارەیە 503 ناوەندی خوێندنى کوردى هەن، کە 40ـیان باخچەى منداڵانن، 290 قوتابخانەى سەرەتایی، 166 ئامادەیین، سێ قوتابخانەى پیشەیی و چوار قوتابخانەى خێراى کوردى هەن.
 
بەو پێیە 20%ـی قوتابخانەکانى کەرکووک تایبەتن بە خوێندنى کوردى بە هەموو قۆناخەکانییەوە.
 
لە کەرکووک 563 هەزار و 498 قوتابی لە باخچەى منداڵانەوە تاوەکو ئامادەیی دەخوێنن، سامان جاف گوتى "قوتابخانە کوردییەکان بە تێکڕا 91 هەزار و 830 قوتابییان هەیە"، بەو پێیە 16.2%ـی قوتابییەکان لە خوێندنی کوردی دەخوێنن. 
 
ئەوە لەکاتێدایە خوێندنى عەرەبی 1894 قوتابخانەى هەیە، 1209ـیان سەرەتایین، 590ـیان دواناوەندى و ئامادەیی، لەگەڵ 71 باخچەى منداڵان و 24 قوتابخانەى پیشەیی. 464 هەزار و 917 قوتابی لەو ناوەندانە دەخوێنن، بەو پێیە 75.9%ـی قوتابخانەکانى شارەکە عەرەبین، ئەو پێکهاتەیە 82%ـی تێکڕاى قوتابیانى پارێزگاکە پێکدەهێنن. 
 
لە سنوورى پارێزگاى کەرکووک، چوار بەشى خوێندنى کوردى، عەرەبی، تورکمانى و سریانى هەن، کە تایبەتن بەو چوار پێکهاتەیە.
 
لە کەرکووک 93 قوتابخانەى تورکمانى؛ کە 18 باخچەى منداڵان، 50 قوتابخانەى سەرەتایی، 25 قوتابخانەى ئامادەیین، بەتێکڕا شەش هەزار و 216 قوتابییان هەیە.
 
بەو پێیە 3.7%ـی قوتابخانەکانى کەرکووک تورکمانین، قوتابییانى ئەو پێکهاتەیە 1.1%ـی تێکڕاى قوتابییانى پارێزگاکە پێکدەهێنن.
 
هەرچى خوێندنى سریانییە لە کەرکووک، کە تایبەتە بە کریستیانەکان، پێنج قوتابخانەیان هەیە، یەک باخچەى منداڵان و دوو قوتابخانەى سەرەتایی و دوو قوتابخانەى ئامادەیی. 535 قوتابی تێیاندا دەخوێنن.
 
هەندێک لە قوتابیانى تورکمان، کریستیان، کورد لە قوتابخانە عەرەبییەکانى کەرکووک دەخوێنن. 
 
ئەحمەد سامى، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى پەروەردەى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "قوتابخانە کوردى، تورکمانى و سریانییەکان تەنها بۆ ئەو سێ پێکهاتەیەن، بەڵام قوتابخانە عەرەبیەکان بۆ هەموو پێکهاتەکانن و تێیاندا دەخوێنن."