لە پارێزگای دهۆک گۆڕانکاری لە پۆستی قایمقامێک و دوو بەڕێوەبەری ناحیە دەکرێن

 
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای دهۆک گۆڕانکاری لە پۆستی قایمقامی ئاکرێ و بەڕێوەبەرانی ناحیەکانی باعەدرێ و دارەتوو کران. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک دەڵێت، ئەمڕۆ دەنگ لەسەر بەربژێرانی نوێ بۆ ئەو پۆستانە دران.
 
هۆشیار گولی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگا کۆبووەوە و یەکێک لە بڕگەکانی کۆبوونەوەکەیش، دەنگدان بوو لەسەر دەستنیشانکردنی قایمقامی ئاکرێ و بەڕێوەبەرانی ناحیەکانی باعەدرێ و دارەتوو.
 
د. دلاوەر بۆزۆ میکائیل، بە قایمقامی ئاکرێ هەڵبژێردرا لە شوێنی شەعبان بەرواری کە زیاتر لە شەش مانگە بە وەکالەت قایمقامی شارەکەیە، هەروەها تەحسین عیسمەت، بووە بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو لە سنووری قەزای بەردەڕەش لە شوێنی حاکم بەشار. هاوکات رێزان میرزا بە بەڕێوەبەری ناحیەی باعەدرێ لە سنووری قەزای شێخان هەڵبژێردرا.
 
لەبارەی کاتی دەستبەکاربوونیان، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێت، دوای ئەوە ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی پارێزگا دەنگیان لەسەر درا، ناوەکانیان رەوانەی وەزارەتی ناوخۆ دەکرێن و دواتر لەوێ سوێندی یاسایی دەخۆن.