رووداو - باتیفا
بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکەوە، خەڵک گوندی رویسێ لە قەزای باتیفا چوار ساڵە گوندەکەیان چۆڵکردووە و لە باتیفا و زاخۆ و شوێنی دیکە نیشتەجێ بوون. پێش چەند رۆژێکیش ژمارەیەک لە دانیشتووانەکەی سەردانی گوندەکەیان کردووە و کەلوپەلی نێو ماڵەکانیان تێکدراون و رێگەیەکیش بەنێو گوندەکەدا دروستکراوە کە بەشێک لە بێستانی گوندنشینانی بەرکەوتووە.
ژمارەیەک لە هاونیشتمانیانی گوندەکە ڤیدیۆی کەلوپەلی نێو ماڵەکانیان تۆمارکردووە و تێیدا دەردەکەوێت کە تێکدراون. ئیسلام سادق و ئەکرەم عەزیز کە دانیشتووی گوندەکەن تەنیا دەتوانن بە دووریی هەشت کیلۆمەتر لە گوندەکەیان نزیک ببنەوە.
ئیسلام سادق دەڵێت، سەرەتا کە سەربازانی تورکیا هاتن هەموویان گوندیان جێهێشت، "گوتمان چەند رۆژێکی دیکە دەگەڕێینەوە، پاشان بووە قەدەخە هەتا پێش شەش بۆ حەوت رۆژ. تازە گوتیان بڕۆن سەیری گوندەکەتان بکەن، خەڵک چوون دەبینن ماڵ نەماون."
ئەکرەم عەزیز، خەڵکی گوندی رویسێ دەڵێت، رێگەیەک بەنێو گوندەکەدا براوە و زەوییەکانی هەمووی خراپ کردووە، ئەمەش هەمووی زیانە بۆیان. رێگەکە لەلایەن سوپای تورکیاوە دروستکراوە بۆ گەیشتن بە خاڵێکی سەربازی و رەز و بێستانی بەشێک لە جووتیارانی تێکداوە.
بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکە، لە سنووری قەزای باتیفا 13 گوند چۆڵکراون؛ ماوەی ساڵێکیشە بۆردوومان لە سنوورەکە کەمتر بووەتەوە.
فەرهاد مەحموود، قایمقامی قەزای باتیفا ئاماژە بەوە دەکات، لە سنوورەکەدا ئارامییەکی باش دروستبووە و رووداوی ناخۆش نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ