لەگەڵ رەنج؛ چیرۆكی ئەو كرێكارانەی لە شوێنی كاردا ‏گیان ‏لەدەستدەدەن

23-07-2023
هیدایەت جان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەپێی ئاماری یەكێتیی ‏سەندیكاكانی ‏كرێكارانی ‏كوردستان، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بەهۆی نەبوونی سەلامەتی شوێنی کار، 27 کرێکار لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە و جێگری بەڕێوەبەری گشتیی كار و ‏دەستەبەری ‏كۆمەڵایەتی ‏لە ‏‏وەزارەتی كار دەڵێت، هۆبەی تەندروستیی پیشەیی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەیە، بەڵام بۆ هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان 16 کارمەندی هەیە.
 
رۆژی یەکشەممە، 23ـی تەممووزی 2023 بەرنامەی لەگەڵ رەنج بە میوانداری نەزمی مووسا، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی كار و ‏دەستەبەری ‏كۆمەڵایەتی ‏لە ‏‏وەزارەتی كار، عوسمان زیندانی، سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای ‏كرێكارانی ‏بیناسازیی ‏‏كوردستان، هەڤاڵ محەممەد، ‏مامۆستای زانكۆ ‌و پسپۆڕی بواری سەلامەتی ‏كار، كارزان عەبدوڵڵا، راوێژكاری تەلارسازی ‌و مامۆستا لە ‏زانكۆی ‏سەلاحەدین، بەرهەم حەیدەر، مامۆستا لە بەشی ئەندازیاری شارستانی لە ‏زانكۆی ‏تیشكی ‏نێودەوڵەتی و عەبدولقادر ناوپردانی، ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی ‏یەكێتیی ‏سەندیكاكانی ‏كرێكارانی ‏كوردستان نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی شوێنی کار و یاساکانی تەندروستیی و سەلامەتی کاریان لە هەرێمی کوردستان تاوتوێکرد. 
 
"لە هەرێمی کوردستان 16 کارمەند پشکنینی تەندروستیی شوێنی کار دەکەن"
 
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، هۆبەی پشکنینی تەندروستی و سەلامەتی کاری هەیە و جێگری بەڕێوەبەری گشتیی كار و ‏دەستەبەری ‏كۆمەڵایەتی ‏لە ‏‏وەزارەتی كاریش دەڵێت، "بۆ سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان 16 کارمەند دەستنیشانکراون و تەنانەت ئۆتۆمبێلێکیشیان نییە".
 
نەزمی مووسا، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی كار و ‏دەستەبەری ‏كۆمەڵایەتی ‏لە ‏‏وەزارەتی كار رایگەیاند؛ "تاوەکو ساڵی 2003 وەزارەتی کار لە هەرێمی کوردستان نەبوو، بەڵکو بەشێک بوو لە وەزارەتی تەندروستی، لە ساڵی 2007 بە بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان گواسترایەوە سەر وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، بەڵام هیچ گواستنەوەیەک وەکو خۆی جێبەجێ نەکراوە".
 
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی زیاتر لە هەزار کارمەند و بەڕێوەبەری هەیە، بەڵام بە گوتەی نەزمی مووسا "لە کۆی ئەو ژمارەیە تەنیا 16 کارمەندی سەلامەتی هەیە، واتا لە هەولێر سێ کارمەند، سلێمانی سێ کارمەند، دهۆک دوو کارمەند، گەرمیان دوو کارمەند، سۆران چوار کارمەند و زاخۆ دوو کارمەندی سەلامەتی". نەزمی مووسا دەڵێت، بەشێکی ئێجگار لاوازە و هیچ خزمەتگوزاری و ئۆتۆمبێلێکی بۆ تەرخان نەکراوە". 
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی كار و ‏دەستەبەری ‏كۆمەڵایەتی ‏لە ‏‏وەزارەتی كار دەڵێت؛ "تاوەکو ئێستا هۆبەی تەندروستیی پیشەیی لە وەارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئەندازیاری تێدا نییە، حکومەت ئێستا فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی راسپاردووە کە دەبێ ئەم بەشە وەکو هۆبە نەمێنێت، لەبەرئەوەی پەیوەستە بە پاراستنی گیانی کرێکاران، دەبێت چالاک بکرێت".
 
 
ئەمساڵ 27 کرێکار لەسەر کار گیانیان لەدەستداوە
 
لە ماوەی شەش ساڵدا لە هەرێمی کوردستان، 281 کرێکار بە لەسەر کار گیانیان لەدەستداوە، بەپێی ئاماری یەكێتیی ‏سەندیكاكانی ‏كرێكارانی ‏كوردستان، 62 کرێکار لە ساڵی 2016 گیانیان لەدەستداوە، لە ساڵی ‏‏2017 دابەزیوە بۆ ‏‏16 كرێكار، ‏لە ساڵی 2018 ئامارەکە بۆ 25 كرێكار بەرزبووەتەوە و 38 کرێکار ‏لە ساڵی 2019 گیانیان لەدەستداوە و لە ساڵی 2020 دا 35 كرێكار گیانیان لەدەستداوە.
 
هەر بەگوێرەی ئاماری یەكێتیی ‏سەندیكاكانی ‏كرێكارانی ‏كوردستان، ساڵی 2021 ژمارەی گیان لەدەستدانی کرێکاران بۆ 37 کرێکار بەرزبووەتەوە و لە ساڵی 2022 گەیشتووەتە 41 کرێکار و لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵیش، 27 کرێکار لە هەرێمی کوردستان لەسەر کار گیانیان لەدەستداوە کە لە ماوەی پێنج ساڵ و شەش مانگدا دەکاتە 281 گیانلەدەستدان.‏
 
عەبدولقادر ناوپردانی، ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی ‏یەكێتیی ‏سەندیكاكانی ‏كرێكارانی ‏كوردستان دەڵێت؛ ئاماری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لەو ئامارە کەمترە کە ئەوان کۆیانکردووەتەوە و پێیوایە بەشێک لە رووداوەکان بە سوڵحی عەشایەری چارەسەر دەکرێن و ناچنە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی".
 
عەبدولقادر ناوپردانی بەرزبوونەوەی ئاماری رووداوی کار دەبەستێتەوە بە چاودێرینەکردنی حکومەت و باس لەوە دەکات کە بەشی تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە سنووری هەولێر کە زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار دانیشتووی هەیە ستافێکی سێ کەسی بەڕێوەیدەبات، لە سلێمانی بە هەمان شێوە سێ کەس بەڕێوەیدەبات، "ئێمە داوامان کردووە ئەو هۆبەیە بکرێت بە ناوەندێکی نیشتمانی".
 
ئەو ئەندامەی مەكتەبی تەنفیزی ‏یەكێتیی ‏سەندیكاكانی ‏كرێكارانی ‏كوردستان دەڵێت؛ "نزیکەی 70 یاسا و رێنمایی پەیوەست بە تەندروستی و سەلامەتی کار لە هەرێمی کوردستان دەرچووە کە کەموکووڕی و جێبەجێنەکردنیان لە ئەستۆی هەموو وەزارەت و تاکەکانی کۆمەڵگەیە". 
 
 
جیاوازی لە ئاماری گیانلەدەستدان
 
لقی سلێمانی سەندیكای ‏كرێكارانی ‏بیناسازی ‏‏كوردستان، جیاواز لە ئاماری یەكێتیی ‏سەندیكاكانی ‏كرێكارانی ‏كوردستان رایگەیاندووە کە ساڵی 2022 لە هەرێمی کوردستان 37 کرێکار لەسەر کار گیانیان لەدەستداوە.
 
سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای ‏كرێكارانی ‏بیناسازی ‏‏كوردستان رایگەیاند؛ "لە ساڵی 2022 لە هەرێمی کوردستان 37 ‏كرێكار گیانیان لەدەستداوە کە 24یان ‏بەهۆی كەوتنەخوارەوە بووە" و دەشڵێت؛ "18 کرێکار لە ساڵی 2021 گیانیان لەدەستداوە و ئەمساڵیش تاوەکو ئێستا 18 کرێکار ‏گیانیان لەدەستداوە کە هەشتیان بەهۆی کەوتنەخوارەوە بووە". 
 
بەگوێرەی ‏بەدواداچوونی ‏سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای ‏كرێكارانی ‏بیناسازی كوردستان، 40% ئەو ‏كرێكارانەی بە كەوتنە خوارەوە گیانیان لەدەستداوە بیانی بوون.
 
لە هەرێمی کوردستان "یاسایەکی تایبەت بە سەلامەتی کار نییە"
 
عوسمان زیندانی، سەرۆكی لقی سلێمانیی سەندیكای ‏كرێكارانی ‏بیناسازیی ‏‏كوردستان دەڵێت: "تاوەکو ئێستا یاسایەکی تایبەت بە سەلامەتی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان نییە و ئەوەی هەیە تەنیا رێنمایی ژمارە 22یە" و دەشڵێت؛ "حکومەت و پەرلەمان لە نەبوونی یاسایەکی لەم شێوەیە بەرپرسیارن، حکومەت مۆڵەتی کارکردن لە پرۆژەکانی بیناسازی دەدات بەر لەوەی کۆمپانیاکە مەرجەکانی سەلامەتی جێبەجێکردبێت".
 
بە گوتەی عوسمان زیندانی، "بۆ رەچاونەکردن و نەبوونی سەلامەتی کار لە پلەی یەکەمدا حکومەتی هەرێمی کوردستان، دواتر کۆمپانیا و خاوەنکارەکان و ئینجا کرێکار و سەندیکاکان لێی بەرپرسیارن، کۆمپانیا هەیە رەچاوی سەلامەتی کاری نەحکردووە و کرێکار لەسەر پرۆژەکەی گیانی لەدەستداوە، لەبەر ئەوەی حکومەت سزای نەداوە، لەو پێشێلکارییەی بەردەوامبووە".
 
سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای ‏كرێكارانی ‏بیناسازی ‏‏كوردستان نەیشاردەوە کە سەندیکاکانی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان بەرپرسیاریەتییان لەسەرشانە بەوەی نەیانتوانیوە گوشاری زیاتر لەسەر حکومەت و پەرلەمان دروستبکەن بۆ ئەوەی یاساکانی سەلامەتی کار توندوتۆڵ بکرێن.
 
وەکو عوسمان زیندانی ئاماژەی پێدەدات؛ "لە هەموو پارێزگای سلێمانی یەک کۆمپانیای گەورە دەست ناکەوێت کە لە رێگەی سەندیکا یان وەزارەت و خانەوادەی کرێکارانەوە لەسەر پرسی نەبوونی سەلامەتی کار لە پرۆژەکانیان نەدرابن بە دادگە، کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی کردووە، کە بەپێی لێکۆڵینەوەکە دەردەکەوێت، سەلامەتی کار لە پرۆژەکان لە نێوان 2٪ بۆ 3٪ـە".
 
 
"دەبێت خاوەنکار ناچار بکرێت بودجە بۆ سەلامەتی شوێنی کار تەرخان بکات"
 
هەڤاڵ محەممەد، ‏مامۆستای زانكۆ ‌و پسپۆڕی بواری ‏سەلامەتی كارە و پێیوایە "دۆخی ‏سەلامەتیی تەندروستیی كرێكاران لە ‏هەرێمی كوردستان زۆر خراپە ‌و گرنگی ‏پێ نادرێت، پێویستە حكومەت وەبەرهێنەر ‌و ‏خاوەنكاران ‏ناچار بكات كار بە رێنماییەكانی سەلامەتی ‏تەندروستی ‏کار بكەن، ئەوە پرسی ژیان ‌و مەرگە و نابێت کەمتەرخەمی بکرێت". 
 
هەڤاڵ محەممەد ‏لە كۆمپانیایەك كار دەكات کە كار بە ‏سیستەمی سەلامەتی ئەمریكی دەكەن و دەڵێت؛ " لە ئەمریكا پێش ئەوەی كار بە ‏سیستەمی ‏سەلامەتی كار بكرێت رۆژانە 38كرێكار بە رووداوی کار گیانیان لەدەستدەدا، بەڵام ‏دوای دەركردنی یاسای ‏سەلامەتی رێژەكە بۆ 12 ‏كرێكار دابەزی، ئێستا لەو كۆمپانیایەی كاری تێدا دەكەم ‏‎‏2% ‏ی بودجەی پڕۆژەكە بۆ ‏سەلامەتی تەندروستی کرێکاران تەرخان ‏كراوە".
 
 
"سەلامەتی کار لای خاوەن پرۆژەکانیش نەبووە بە کولتوور"
 
بەرهەم حەیدەر، مامۆستا لەبەشی ئەندازیاری شارستانی لە ‏زانكۆی تیشكی ‏‏نێودەوڵەتی گوتی "لە ‏كوردستاندا پرسی سەلامەتی تەندروستی ‏نەبووە بە كولتوور، خاوەن پڕۆژە ‏ لەسەر كەرەكەی ‏خۆی، كڵاو ناكاتە سەری، ئەمەش بەو واتایەیە کە گرنگیدان ‏بە سەلامەتی تەندروستی لە كۆمەڵگەی ئێمەدا نەبووتە ‏كلتوور".‏ 
 
بەرهەم حەیدەر داوا دەکات سەرمایەداران لە هەر ‏پڕۆژەیەكانیان ‏بڕێك پارە بۆ سەلامەتی تەندروستی كرێكار تەرخان بکەن و پێیوایە؛ "یەك دۆلار لە سەلامەتیدا ‏خەرج بكرێت، پێنج دۆلار بۆ خاوەنكار ‏‏دەگەڕێتەوە، بەدەر لەمەش لە جێبەجێكردنی ‏مەرجەکانی سەلامەتی کار ‏نابێت هیچ شتێك بۆ ویژدانی خاوەنکار جێبهێڵدرێت، بەڵکو پێویستە ‏سزا هەبێت بۆ ئەوانەی پابەندی ‏رێنماییەكان ‏نابن".‏
 
 
‏‏"ئاسانسۆری پڕۆژەكان سەلامەت نین"‏
 
كارزان ‏عەبدوڵڵا، راوێژكاری تەلارسازی ‌و ‏مامۆستا لە زانكۆی ‏سەڵاحەدین دەڵێت؛ "زیاتر لە 90%ـی ئاسانسۆری پڕۆژەكان سەلامەت نین‌ و مەترسییان ‏لەسەرە، كەس ‏هەبووە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی ئاسانسۆرەوە گیانی لەدەستداوە و ‏پەردەپۆش كراوە، بەپێی بەدواداچوونەکانم، ‎زۆربەی ئاسانسۆری ئەو ‏پڕۆژانەی ‏كرێكاران رۆژانە هاتووچۆی لەسەر دەكەن بەسەرچوون ‌و مەترسی کەوتنەخوارەوەیان لەسەرە".
 
کارزان عەبدوڵڵا باسی لەوەکرد کە دەبێت مانگانە پشکنین بۆ ئاسانسۆری پرۆژەکان بکرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان كەس لە كۆمپانیاكان ‏ناپرسێتەوە ئایا رێنمایی ‏سەلامەتی ‏جێبەجێ‌ ‏دەكەن یان نا و دەشڵێت؛ "ئەگەر بەدواداچوونێكی ورد بکرێت ‏‏95% پڕۆژەكان لە جێبەجێكردنی ‏رێنماییەكانی سەلامەتی ‏دەرناچن و ئەگەر خاوەنكاریش ‏چاودێری لەسەر نەبێت رێنمایی ‏جێبەجێ‌ ناكات".
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."