ئومێد خۆشناو: ئەو کەسانەی بە تۆمەتی خۆپێشاندانی بێمۆڵەت دەستگیرکرابوون، ئازاد دەکرێن

 
رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، ئەو پێنج کەسەی کە بە تۆمەتی خۆپێشاندانی بێمۆڵەت دەستگیرکرابوون، دوای وەرگرتنی بەڵێننامە ئازاد دەکرێن.
 
رۆژی هەینی 22-07-2022، چەند هاونیشتمانییەک ویستیان خۆپێشاندان بکەن دژی هێرشەکەی رۆژی چوارشەممەی رابردوو کە گوندی پەرەخی سنووری زاخۆ تۆپباران کرا. بەڵام بە گوتەی پارێزگاری هەولێر مۆڵەتی خۆپێشاندانیان وەرنەگرتبوو.
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە رووداوی راگەیاند، پێنج کەس لەوانەی کە ویستیان خۆپێشاندان بکەن، دەستگیرکران، بەڵام دوای ئەوەی بەڵێننامەیان پێ پڕدەکرێتەوە، ئازاد دەکرێن.
 
پێشتر پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو: گرووپێکی 25 کەسی کە پەرلەمانتاری کوردستانیشیان تێدا بووە، بە هاندانی حیزبێکی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کە نایەوێ دان بە حکومەتی هەرێمی کوردستانیشدا بنێت، ویستیان بەبێ مۆڵەت خۆپێشاندان بکەن، بۆیە هێزە ئەمنییەکانیش رێگەیان پێنەدان. 
  
هەروەها نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، لەم رۆژانەدا هەرکەس داوای مۆڵەتی خۆپێشاندانی دژی هێرشەکەی سنووری زاخۆ کردبێ، پێی دراوە و هێزە ئەمنییەکانیش ئەمنییەتیانی پاراستووە.
 
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، لە شاری هەولێر دوو گردبوونەوەی ناڕەزایەتی دژی تۆپبارانکردنی گوندی پەرەخ لە سنووری زاخۆ بەڕێوەچوو. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر گوتی، "ئەوانەی داوای مۆڵەتیان کردووە، پێیاندراوە، بەڵام ئەوانەی دەیانەوێ بەبێ مۆڵەت و حسابکردن بۆ ئیدارەی پارێزگا و هێزە ئەمنییەکان خۆپێشاندان بکەن، با بیگوازنەوە بۆ شاری ئامەد، بزانین دەتوانن؟" 
 
رۆژی چوارشەممە 20-07-2022 سێ تۆپ ئاراستەی ناوچەیەکی گەشتیاریی سنووری زاخۆ کران و بەهۆیەوە بەپێی دوایین ئامارەکان، نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە و 26 کەسی دیکەش برینداربوون کە برینی هەندێک لە بریندارەکان سەختە. ئەو کەسانەی بوونەتە قوربانی، سەرجەمیان گەشتیاری عەرەبن و لە پارێزگاکانی عێراقەوە چوونەتە زاخۆ.