وەزارەتی بەرگریی عێراق: تورکیا بە قووڵایی 105کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی عێراقەوە
رووداو-هەولێر
لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، وەزارەتی بەرگری راپۆرتێکی لەبارەی تۆپباران و بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا خوێندووەتەوە و پەرلەمانتارێکیش دەڵێت: "بەپێی ئەو راپۆرتە، تورکیا بە قوڵایی 105 کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی عێراقەوە."
ئەمڕۆ شەممە 23.7.2022 پەرلەمانی عێراق دانیشتنێکی نائاسایی لەبارەی هێرش و تۆپبارانەکانی تورکیا کرد و لە دانیشتنەکەدا وەزیرانی بەرگری و دەرەوە و سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئامادەبوون.
شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، وەزارەتی بەرگری راپۆرتێکی لەبارەی هێرشەکانی تورکیا و هاتنە ناوەوەی سوپای ئەو وڵاتەی بۆ ناو خاکی عێراق خوێندووەتەوە و بەپێی راپۆرتەکە، سوپای تورکیا زیاتر لە 100 بارەگا و پێنج بنکەی لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەیە.
لە راپۆرتەکەی وەزارەتی بەرگریی عێراقدا ئاماژە بەوەکراوە، زیاتر لە چوار هەزار سەربازی تورکیا لە خاکی عێراقدا هەن و بە قووڵایی 105کیلۆمەتر هاتوونەتە ناو خاکی عێراقەوە کە دوورترینیان بنکەی سەربازیی زێلکانە لە دەشتی نەینەوا.
هەر بەپێی راپۆرتەکەی وەزارەتی بەرگریی عێراق، سوپای تورکیا چەندین جۆر چەکی قورس و سووکی لە خاکی عێراقدا هەن، لەوانە زرێپۆش، تانک، تۆپ، کۆپتەر و چەندین جۆرە تەقەمەنی و چەکی سووک.
بەشێکی راپۆرتەکەی وەزارەتی بەرگریی عێراق، تایبەت بووە بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی تۆپبارانەکەی رۆژی چوارشەممەی رابردووی گوندی پەرەخ لە سنووری زاخۆ. شێروان دووبەردانی دەڵێت: "بەپێی راپۆرتەکە، هێرشەکە بە تۆپی جۆری 155ملیم کراوە، کە ئەو جۆرە تۆپەش ناتوانرێت جێگۆڕکێی لە ناوچە شاخاوییەکاندا پێبکرێت و دەبێ جێگیربێت (ئەمەش واتای ئەوەیە کە تورکیا بووە)، هەروەها بەپێی بەدواداچوونی وەزارەتی بەرگریی عێراق، ئەو گۆشەیەی کە تۆپەکەی تێدا تەقێنراوە، لەژێر کۆنترۆڵی سوپای تورکیادایە".