مەحموود محەممەد: لەگەڵ یەکێتی لەسەر هەموو شتێک رێککەوتووین

23-07-2017
هێڤیدار ئەحمەد
نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی
نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی
نیشانەکردن پارتی یەکێتی
A+ A-

رووداو - هەولێر 

مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی لە هەولێر کۆبوونەوە، بەگوتەی بەشداران کۆبوونەوەکە زۆر باش و بەرهەمدار بووە، پارتی و یەکێتی لەبارەی گشتپرسی و کاراکردنەوەی بێمەرجی پەرلەمان بە تایبەتی گفتوگۆیان کردووە. 

مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "هیچ شتێک نەماوە لەگەڵ یەکێتی لە سەری رێکنەکەوین، لەسەر هەموو شتێک پێکهاتووین".

شاندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەبارەت بە ئەنجامی سەردانەکەی بۆ تاران بە مەکتەبی سیاسی پارتیان گوتووە، ئێران لە گەڵ گشتپرسیدا نییە، بەڵام دڵنیایان کردوون بڕیارەکە دەستەجەمعییە، سیاسەتی بەغدا کوردستانی ناچارکرد بڕیاری گشتپرسی بدات.

گوتەبێژی پارتی داوا دەکات گۆڕان بەدەنگ کاراکردنەوەی بێ مەرجی پەرلەمانەوە بێت، بۆ ئەوەی کۆتایی بە ناکۆکی و دابەشبوونی ناوخۆی بهێنرێت و دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە.

مەحموود محەممەد، ئەندام و گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "کۆبوونەوەیەکی زۆرباشمان کرد و تێگەیشتنێکی زۆر باش لەنێوان هەردوولادا هەبوو، مەبەستی ئەوان تاوتووێکردنی سەردانەکەیان بوو بۆ ئێران، کە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئەنجامیانداوە".

رووداو زانیویەتی یەکێتی لەو کۆبوونەوەیەدا هەڵویستی پارتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان بەبێ هیچ مەرجێک، بە هەنگاوێکی باش زانیووە و ئەمەش وایکردووە باری یەکێتی سوکبکرێ، پارتیش داوایکردووە دەبێ بزووتنەوەی گۆڕانیش بێتە پێش.


گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "دوای ئەوەی ئێمە رازیبووین پەرلەمان بەبێ مەرج کارابکرێتەوە، بزانین گۆڕان چی هەیە، وەک ئەوەی ئێمە مەرجمان نییە، دەبێت ئەوانیش مەرجیان نەبێت، بۆ ئەوەی ئیشوکارەکان بەڕێوەبچێت، چونکە ئێمە پرسێکی نەتەوەی و نیشتمانیمان لەپێشە ئەویش گشتپرسییە".

یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ زەحمەتکێشانش دانیشتووە و لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمان دەڵێن " ئیدی هیچ بیانووەک نەماوە گۆڕان نەیەتە پێش".

سەعد خالید، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "دوایین دەستپێشخەری پارتی زۆر باشە و دڵسۆزانەیە، ئێمە رێزی لێدەگرین و خۆزگە ئەو بڕیارە پێش دیاریکردنی رۆژی گشتپرسی بوایە، پێموایە نەک لەبەرامبەر گۆڕان یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش دەستکراوەتر دەبێت".

یەکێتی، پارتی لەوە ئاگادارکردووتەوە، کە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان جارێکی دیکە لەگەڵ پارتی کۆدەبنەوە و خەڵکیش دەیەوێ بزانێ لەم بگرە و بەردەی حیزبەکان پێش ئەنجامدانی گشتپرسی چی روودەدات.

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە