رووداو- هەولێر
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاوخەمی بۆ گەل و حکومەتی ئەڵمانیا دەردەبڕێت بەهۆی هێرشەکەی شەوی هەینی لەو وڵاتە کە بووە هۆی کوژرانی 9 کەس و برینداربوونی 21 کەسی دیکە.
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە توویتێکدا لە ئەکاوەنتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توویتەر بۆ رووداوەکەی میونشنی ئەڵمانیا رایگەیاندووە: "بەهۆی هێرشە تیرۆریستییەکەی شاری میونشن، دڵمان لەلای حکومەت و گەلی ئەڵمانیایە و نزایان بۆ دەکەین".
هەروەها رۆژی شەممە 23-7-2016 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا سەرەخۆشی خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستانی گەیاندە خەڵک و حکومەتی ئەڵمانیا.
لە پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانیدا هاتووە: "ئەم رووداوە نەخوازراوانە لە ئێمە دەخوازێت كە كاری هاوبەش بۆ بنەبڕكردنی ئەو دیاردە نامۆیانە تۆكمەتر بكەین كە خەریكە سەرتاسەری جیهان دەگرێتەوە، بەتایبەتی كە گروپگەلێك دروستبوون هانی خەڵك دەدەن بۆ ئەنجامدانی ئەو كردارە تیرۆریستیانە و كوشتنی خەڵكی سڤیل لە شوێنە جیاوازەكانی جیهان، بۆیە بەهێزكردنی كاری هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردە تیرۆریستیانە پێویستە ببێتە یەكێك لە كارە هەرە لەپێشینەكانی كاری هاوبەش".
شەوی هەینی 22-7-2016، گەنجێکی 18 ساڵانی ئەڵمانی بەڕەگەز ئێرانی هێرشی چەکداریی کردە سەر بازاڕێکی شاری میونشن و تەقەی لەو خەڵکە کردکە لە دەورووبەری فرۆشگای ماکدۆناڵدز کۆبووبوونەوە. لە ئەنجامدا 9 کەس کوژران و 21 کەسی دیکەشی بریندار کرد، دواتریش خۆی کوشت.
هوبێرتوس ئاندریا، بەڕێوەبەری پۆلیسی میونشن گوتی: "تەرمی کەسێک دۆزراوەتەوە، کە وا دەردەکەوێت تەرمی هێرشکەرەکە بێت و خۆی کوشتبێت. ئەو گەنجێکی 18 ساڵەی ئەڵمانیی بەڕەگەز ئێرانییە و دانیشتووی میونشنە. بەپێی لێکۆڵینەوەکان هیچ بەڵگەیەک نییە کە کەسانیتر لەم کارەدا بەشدار بووبن. بەکەسە گومانلێکراوەکەوە 10 کەس کوژراون، 21 کەس رەوانەی نەخۆشخانە کراون، 16یان لەوێ ماونەتەوە، باری 3 کەسیان ناجێگیرە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ