پارتی دەست بە کۆنفرانسە نێوخۆییەکانی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
پارتی دیموکراتی کوردستان دەست بە کۆنفرانسە نێوخۆییەکانی بۆ هەڵبژاردنی ئەندامان و بەرپرسانی ئۆرگانەکانی دەکات و ئەگەری هەیە لە سێ رۆژدا تەواو ببێت.
بڕیارە رۆژی سێشەممە (25ـی حوزەیرانی 2024)، پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی لە رێگەی کۆنفرانسەکانەوە دەستپێبکات. هەموو ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەوانەی ناویان لە داتابەیسەکانی ئەو حیزبەدا هەیە، دەتوانن بەشداری بکەن. کۆنفرانسەکە لەسەر ئاستی بنکە، رێکخراو، ناوچە، لق، ئەنجوومەن و کارگێڕانی ئەو ئۆرگانانە و ئەندامانیانەوە دەکرێت، بەرپرسان و ئەندامانی نوێیان بۆ هەڵدەبژێردرێت.
رەهێڵ جاف، کادری پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هەڵبژاردنەکە لەسەر ئاستی هەر لق و پارێزگایەک دەگۆڕێت و، هەیە زووتر تەواو دەبێت، هەیە کاتی دەوێت، بەپێی ژمارەی ئۆرگانەکانە لە هەر پارێزگایەک، هەڵبژاردن بۆ هێنانە پێشەوەی گیانی دیکەیە بۆ ئەوەی لە ریزەکانی پارتی خزمەت بکەن، رێژەی 25٪ لە پۆست و بەرپرسیاریێتییەکان بۆ ئافرەتان تەرخانکراوە."
بەگوتەی ئەو کادرە، هەڵبژاردنەکە لەرووی تەکنیکی، پێداویستی، کەرەستە و رێکخستنەوە تەواوبووە، لە هەر پارێزگایەک لیژنەیەک سەرپەرشتی دەکات.
مافی خۆبەربژێرکردنیش بەپێی ئەو رێکارانەی دیاریکراون، بۆ هەموو ئەو کادر و ئەندامانەی پارتی کراوەیە، کە بە گوتەی رەهێڵ جاف، دەیانەوێت خۆیان بۆ پۆست و بەرپرسیاریێتییەکان بەربژێربکەن.
ئەم رێکارەی پارتی دەیگرێتەبەر، دوای کۆنگرەی 14ـی ئەو حیزبەیە، کە کۆتایی ساڵی 2022 سازکرا.
دوای 12 ساڵ لە نەبەستنی کۆنگرەی حیزبەکە، رۆژی پێنجشەممە، 3-11-2022، پارتی دیموکراتی کوردستان کۆنگرەی 14ـیەمی بە بەشداریی زیاتر لە هەزار ئەندام لە شاری دهۆک بەست.
پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی 1946 دامەزراوە. سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆکی حیزبەکەیە، هەر یەک لە نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی جێگری سەرۆکن. لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کە لە ساڵی 2018ـدا کراوە، پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆی 111 کورسیی پەرلەمان 45 کورسی بەدەستهێنا.