لە دهۆک جۆرێکی جیاوازی پەتاتە بەرهەمدەهێنرێت؛ 'تامەکەی خۆشترە و خواستی زۆری لەسەرە'

رووداو دیجیتاڵ 

لە سنووری پارێزگای دهۆک جۆرێکی نوێی پەتاتە بە ناوی 'سپێکترا' بەرهەمدەهێندرێت کە "تامەکەی خۆشترە" و لە بازاڕدا گرانتر دەفرۆشرێت. 
 
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت دەشتی نافکورێیە لە پارێزگای دهۆک. 160 کرێکار جۆرێکی نوێی پەتاتە دەخەنە نێو فەردەوە. لەدوای چوار ساڵ تاقیکردنەوە لەسەر پەتاتەی سپێکترا.
 
ئەم ساڵ پەتاتەکەیان بەرهەمهێنا؛ پەتاتەکی گەورە و بریسکەدار بەپێی خواستی بازاڕ. هەربۆیە بەهاکەی لە هەموو جۆرەکانی دیکە گرانترە. 
 
بایز زێباری، جووتیارە و دەڵێت: "ماوەی چوار ساڵە تاقیکردنەوە لەسەر ئەم جۆرەی پەتاتە دەکەین. بینیمان بۆ کەشوهەوای هەرێمی کوردستان گونجاوە و داوای ئەم جۆرەمان کرد. پار داوامان کردبوو، بەڵام ئەم ساڵ زیاترمان بۆ هاتووە. ئەم جۆرە زۆر باشە و تامێکی خۆشی هەیە. لە بازاڕیشدا 100 دینار لە جۆرەکانی دیکەی پەتاتە گرانترە، ئەوەش لەبەر جوانییەکەی."
 
بازرگانانی عێراق خواستیان لەسەر ئەم جۆرەی پەتاتەیە هەیە چونکە رۆژانە پارێزگاکانی عێراق پێوسیتییان بە دوو هەزار و 500 تۆن پەتاتە هەیە. 
 
ئەحمەد ئەنباری، بازرگانێكی عێراقییە و دەڵێت: "چاوی هەموو عێراق لەسەر بەرهەمی هەرێمی کوردستانە، ئێستا کە وەرزی پەتاتە و پیازە، رۆژانە پارێزگاکانی عێراق پێویستیان بە نزیکەی دوو هەزار و 500 تۆن پەتاتەیە، من یەکێکم لەوانەی رۆژانە شەش بۆ حەوت بارهەڵگر دەگوازمەوە، تەنیا لەو زەویەدا مندا چوار بارهەڵگرم بارکردووە." 
 
ئەم ساڵ رێگەیەکی نوێ بۆ پاراستنی پەتاتە لە کۆگە ساردکەرەوەکاندا بەکاردەهێندرێت بۆ ئەوەی بپارێزرێت و کێشی خۆی لەدەست نەدات. پەتاتەکە لەنێو نایلۆن و قەفەسدا دەپارێزرێت. 
 
موحسین عەبدوڵڵا، جووتیارێکی دیکەیە و دەڵێت: "ئێمە پەتاتەی خۆمان و جووتیارانی دیکە لەنێو ئەم ساردکەرەوانەدا کۆدەکەینەوە. سیستمێکی نوێ بەکاردەهێنین. ساڵانە پەتاتە کێشی خۆی لەدەستدەدات و دەڕزێت، لە هەر 100 تۆن 8 تۆنی لەنێودەچێت." 
 
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی دهۆک، پار 650 هەزار تۆن بەرهەمی پەتاتە بووە. جووتیارانیش بەهۆی بارانبارینی زۆر، بۆ ئەم ساڵ پێشبینی 500 هەزار تۆن دەکەن.