پوورزایەکی ئەو قوتابییەی پۆلی 12 کە بە رووداوی هاتووچۆ مرد: ئاواتی ئەوە بوو خوێندن تەواو بکات

 
رووداو - سلێمانی

قوتابییەکی پۆلی 12ی ئامادەیی، لە رێگەی چوون بۆ یەکەم تاقیکردنەوەی نیشتمانی لە رووداوێکی هاتووچۆدا گیانی لەدەستدا. ئەو قوتابییە خەڵکی بازیان بوو، بەڵام لە تەکیە دەیخوێند و هۆڵی تاقیکردنەوەکانیشی لە چەمچەماڵ بوو.
 
زانیار خواکەرەم کافرۆشیی 22 ساڵ، نزیکەی کاژێر 07:00ی بەیانی بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاب بەڕێکەوتووە بۆ چەمچەماڵ، بەڵام لە رێگەی نێوان تەکیە - چەمچەماڵ، کە بە تەنیا خۆی بووە، ئۆتۆمبێلەکەی وەرگەڕا.
 
عەزیز ئەحمەد، پوورزای زانیار دەڵێت، "نزیکەی کاژێر 08:30 پەیوەندییان کرد کارەساتێکی لەو جۆرە روویداوە. بۆ تاقیکردنەوەی نیشتمانی چووبوو بۆ چەمچەماڵ، بەڵام لە رێگە تووشی ئەو کارەساتە بوو، هەموومان بۆی بەداخین."
 
بە گوتەی هاوڕێ و کەسە نزیکەکانی، زانیار بەهیوا بوو خوێندنەکەی تەواو بکات و کارێکی باشی دەستبکەوێت.
 
بڕیار رۆکان، هاوڕێی زانیار گوتی، "هەر لە منداڵییەوە هاوڕێین، پێکەوە خوێندمان و دواتر ماوەیەک وازمان لە خوێندن هێنا و پێکەوەش کارمان دەکرد، خەونی ئەوە بوو کە خوێندنەکەی تەواو بکات، دوو ساڵیش بوو هەر بە دەرەکی دەیخوێند."
 
ئارام ئەحمەد، پوورزای زانیار باسی لەوە کرد، "خەون و ئاواتی هەر گەنجێک ئەوەیە خوێندنی قوتابخانەی تەواو بکات، پاشان بچێتە زانکۆ یان پەیمانگا و دواتر بگات بەو ئاواتەی هەیەتی."
 
زانیار دانیشتووی گوندی سەرچاوەی قەزای بازیانە و لە قوتابخانەیەکی تەکیە دەیخوێند، بۆ تاقیکردنەوەش دەچووە چەمچەماڵ، بەڵام نەگەیشت بەوەی یەکەم تاقیکردنەوەی بکات و گیانی سپارد.