داواکاری گشتیی ئامەد: ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە

رووداو دیجیتاڵ
 
داواکاری گشتیی ئامەد راپۆرتی لەبارەی ئاگرەکەی ئامەد و مێردین بڵاوکردەوە و رایگەیاند، شۆرتی کارەبا هۆکاری رووداوەکەیە.
 
بەگوێرەی ئەو راپۆرتەی داواکاری گشتیی ئامەد ئەمڕۆ یەکشەممە 23-6-2024 بڵاویکردووەتەوە، هۆکاری ئاگرەکەی 20ی مانگ کە تائێستا 15 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، کارەبا بووە.
 
لەکاتێکدا سێ رۆژە مشتومڕی زۆر لەسەر ئەوە هەیە کە ئاگری شارۆچکەی چناری ئامەد و شارۆچکەی شەمرەخی مێردین چۆن هەڵگیرساوە و سەرچاوەکەی چییە. داواکاری گشتیی ئامەد راپۆرتی لێکۆڵینەوەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "کارەبا هۆکاری هەڵگیرسانی ئاگرەکەیە."
 
داواکاری گشتیی ئامەد کە لەماوەی ئەم دوو-سێ رۆژەدا گوتەی لە چەندین شایەتحاڵ، بەرپرس و کارمەندی فەرمانگەکان وەرگرتووە. لە راپۆرتەکەدا دەڵێت: دوای بەدواداچوونی ورد، دەرکەوت کە ئاگرەکە لە کارەباوە سەرچاوەی گرتووە. داواکاری گشتیی ئامەد تەنیا هۆکارەکەی یەکلایی کردەوە و تەواوی وردەکارییەکەی نەخستەڕوو. راشیگەیاندووە کە بەدواداچوونی زیاتر لەگەڵ دام و دەزگا پەیوەندیدارەکان دەکات.
 
رۆژی شەممە 22-6-2024 حکومەتی تورکیا رایگەیاند، هیچ هۆکارێکی نائاسایی لە رووداوەکەدا نییە کە جێی باس بێت. بەڵام هاونیشتمانییەک بە ناوی (ئـ ش) گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تەلی کارەبا هۆکاری ئاگرەکە بووە. ئەو هاونیشتمانییە کۆمپانیای دیجلە بۆ دابەشکردنی کارەبا (دەداش)ی تۆمەتبارکرد و داوای بەدواداچوونی وردی لە حکومەت کرد.
 
هەمان رۆژ دەداش بە پشتبەستن بە راگەیێندراوەکانی حکومەتی تورکیا، سکاڵای لە دژی ئەو هاونیشتمانییە تۆمارکرد. رایگەیاند، بە ناحەق تۆمەتبار کراوە.
 
بەشێک لە خەڵکی ناوچەکەش بە هەمان شێوە دەداش تۆمەتبار دەکەن، بەڵام ئەو کۆمپانیایە رەتیدەکاتەوە هۆکاری ئاگرەکە بووبێت.  
 
نیوەشەوی 20ـی مانگ، ئاگرێکی گەورە لە گوندی "تۆبینی" سەر بە شارۆچکەی چناری ئامەد و گوندی "هەربەرێ"ی سەر بە شارۆچکەی شەمرەخی مێردین کەوتەوە. ئاگرەکە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا لە کۆنترۆڵ دەرچوو و زەوی و زاری هەشت گوندی کردە خۆڵەمێش. تاوەکو ئێستا (کاژێر 08:00ی ئێوارەی یەکشەممە) 15 هاونیشتمانی بەهۆی ئەو ئاگرەوە گیانیان لەدەستداوە.