وەزیری پێشووی وزەی مەغریب: هەرێمی کوردستان ژێرخانی وزەی پاکی هەیە


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری پێشووی وزەی مەغریب دەڵێت، لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئامادەسازی هەیە بۆ بەکارهێنانی وزەی پاک. دەشڵێت، هەرێمی کوردستان ژێرخانی وزەی پاکی هەیە و، تەنیا بڕیار بدات، وەبەرهێنان بەسەریدا دەبارێت.
 
عەزیز رەباح، وەزیری پێشووی وزەی مەغریب لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە بەختیار عەبدولعەزیز پێشکێشی کرد، دەڵێت: "دەکرێت هەرێمی کوردستان سوود لە گاز وەربگرێت، بەوپێیەی وزەیەکی پاکە و خواستی زۆری لەسەرە." دەشڵێت، هەرێمی کوردستان توانای بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی هایدرۆجینیشی هەیە. دەشتوانێت لە رێگەی باوە کارەبا بەرهەم بهێنێت".
 
رەباح ئاماژە بەوە دەکات، هەرێمی کوردستان ژێرخانێکی باشی وزەی پاکی هەیە، هەرێمی کوردستان و عێراقیش دەبێت گرێبەست بکەن بۆ بەکارهێنانی وزەی پاک. پێشیوایە، هەموو ئامادەسازییەک لە عێراق و کوردستان هەیە بۆ بەکارهێنانی وزەی پاک.
 
وەک رەباح گوتی، هەموو وڵاتێک ئامادەیە وەبەرهێنان لە وزەی پاک بکات. بە "برا کوردەکان"یشی گوتووە ئەوان وەکو مەغریب ئامادەن بۆ هاوکاری. دەشڵێت: "ئەگەر بڕیاری بەکارهێنانی وزەی پاک بدەن، وەبەرهێنان بەسەرتاندا دەبارێت، چونکە لە هیچ شتێکتان کەم نییە و تەنیا ئیرادە پێویستە".
 
عەزیز رەباح دەڵێت، وڵاتانی زلهێز بەرپرسن لە زیاتر لە 90٪ـی گۆڕانی کەشوهەوا. گۆڕانی کەشوهەواش لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە دەگوازرێتەوە.
 
لەبارەی عێراقیشەوە رەباح دەڵێت، شەڕ و کارەساتەکان کێشەیان بۆ کەشوهەوای عێراق دروستکردووە. هەندێ کێشەی گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق ئاڵۆزن و چارەسەریان زەحمەتە.
 
عەزیز رەباح گوتیشی، زۆر وڵات بێئاگا بوون لە بەکارهێنانی ئاو بەشێوەیەکی دروست و ستراتیژی، بەڵام ئێستا عێراق و وڵاتانی دیکەی عەرەبی توانای زۆریان هەیە بۆ چارەسەری کێشەی کەمئاوی، لەوانەش چارەسەری ئاوی سوێر.
 
باس لەوەش دەکات، پێداچوونەوەی بۆ زۆر بابەتی ستراتیژیی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە. بۆی دەرکەوتووە لە عێراق بۆچوونێک بۆ لێکۆڵینەوەی زانستییانە لە کێشەکان دروستبووە.
 
وەزیری پێشووی وزەی مەغریب گوتیشی، دەبێت هۆشیاری بڵاوبکرێتەوە بۆ دەستگرتن بە ئاوەوە، بەڵام رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا پێویستی بە بڕیاری چارەنووسسازە؛ دەبێت دەوڵەت وزەی پاک بکاتە بڕیار و کاری لەسەر بکرێت.
 
مەغریب ئێستا 40٪ـی کارەبای وڵاتەکەی لە رێگەی وزەی پاکەوە دابین دەکات. ئامانجی ئەوەیە ئەو رێژەیە بۆ زیاتر لە 50٪ زیادبکات. رەباح دەڵێت: "دەتوانین ئەزموونی خۆمان بۆ هاوکاریی عێراق و هەرێمی کوردستان بەکاربهێنین."
 
وەزیری پێشووی وزەی مەغریب دەڵێت، پلانیان هەیە وەبەرهێنان لە هایدرۆجین بکەن و هەناردەی بکەن. 38٪ـی کشتوکاڵی وڵاتەکەش ئێستا هەر لە رێگەی وزەی پاکەوەیە.