رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان وەڵامی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەکانی زیندەزانی و مێژووی پۆلی 12ـی ئامادەیی بڵاوکردەوە.
وەزارەتی پەروەردە قوتابییان ئاگادار دەکاتەوە رۆژانە لە دوای تاقیکردنەوەکان، دەتوانن لەم لینکەوە وەڵامەکانیان وەربگرن.
لە تاقیکردنەوەکاندا کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 23-06-2024، دەستیانپێکرد، 122 هەزار و 15 قوتابی بەشدار دەبن. لەوانە 86 هەزار و 307 قوتابی لە بەشی زانستی، 33 هەزار و 195 قوتابی لە بەشی وێژەیی و 2513 قوتابیش لە بەشی پیشەیی.
13ـی ئەم مانگە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاشكرای کرد: "پێش چوونە هۆڵی تاقیکردنەوە، پشکنین بۆ هەموو قوتابیان دەکرێت و هەموو جۆرە ئامێرێکی ئەلیکترۆنی و زیرەک قەدەخەیە".
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند ''پرسیارەکان بە هاوئاهەنگیی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرەبەیان دەگەنە پارێزگاکان، بۆیە ئێستا بابەتی دزەپێکردنی پرسیارەکان بەر لە دەستپێکردنی تاقیکردنەوە، لە ئارادا نەماوە.''
ساڵانە لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا، لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەشە بۆ فرۆشتنی ئامێری ئەلیکترۆنی بۆ تاقیکردنەوە دەکرێت. ئالان حەمەسەعید گوتی: ''ئێمە لە هیچ کەسێک خۆش نابین کە یاری بە هەستی قوتابیان دەکات و هەڵیاندەخەڵەتێنێت.''
بەگوتەی وەزیری پەروەردە، لە دوو ساڵی رابردوودا لەلایەن تیمێکی چاودێری، تەواوی زانیاری و ژمارە مۆبایلی ئەو کەسانەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە ئامێری ئەلیکترۆنی بە قوتابیان دەفرۆشن، دراوەتە ئاسایش و وەزارەتیش بە فەرمی سکاڵای یاسایی لەدژیان تۆمار کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ