رووداو دیجیتاڵ
بنکەی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش دەڵێت، کوردایەتی و ئێزدیایەتی لە یەک جەستەدان. هەوڵەکانی ناساندنی کوردانی ئێزدیش بە نەتەوەی جیاواز رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئەو هەوڵانە لە شەستەکانی سەدەی رابردووەوە هەبوون.
بنکەی لالش لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق و بەدیاریکراوی لە شەستەکانی سەدەی رابردووەوە چەندین لایەن بۆ مەبەستی سیاسیی روون دەیانەوێت ئیزدییەکان لە رەگ و ریشەی مێژووییان وەک بەشێکی رەسەن لە گەلی کورد داببڕێنن، بەڵام ئایینی دێرینی ئێزدی یەکەم ئایینە کورد باوەڕی پێهێناوە. سەرباری گۆڕانکارییەکانی سەردەم و ئەو ستەم و قڕکردنەی بە درێژایی مێژوو و تاوەکو ئەمڕۆ رووبەڕووی دەبینەوە، پارێزگاریمان لە کەلەپووری رۆحی و رەسانەیەتی رەچەڵەکمان کردووە".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "سەرجەم دەقە پیرۆزەکانی ئایینەکەمان و سرووت و رێوڕەسمەکانمان بە کوردی دەکرێن، هاوشێوەی ئایینە کوردستانییەکانی کۆن پەیڕەو دەکرێن".
بنکەی لالش دەڵێت: "ئێزدیایەتی یەکەم دارە کوردایەتی تینوێتی شکاندبێت؛ هەردووکیشیان لەیەک جەستەدان. ئەوە جگە لە هاوبەشیمان لەگەڵ برایانمان لە ئایینەکانی دیکەی کوردستان لە مێژوو و جوگرافیا و کەلەپوور و زمان. جگە لەوەی پەرستگەی سەرەکیی ئایینەکەمان کە لالشی پیرۆزە دەکەوێتە دڵی کوردستان".
بنکەی لالش بە پێویستی دەزانێت کار بۆ داننان بە جینۆسایدی کوردانی ئێزدی لەلایەن دادگەی نێودەوڵەتیی تاوانەوە بکرێت، سزای تاوانباران بدرێت، قوربانیان قەرەبوو بکرێنەوە و ناوچە زیانبەرکەوتووەکانیش ئاوەدانبکرێنەوە، بەتایبەت شنگال کە بە "بریندار" ناوی دەبات.
لەوبارەوە کاروان باعەدری، بەرپرسی راگەیاندنی دەستەی باڵای بنکەی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، دەستەی باڵای بنکەی لالش کۆبووەوە و "بڕیاردرا ئەم بەیاننامەیە بڵاوبکەینەوە، چونکە ھەستمان کرد هەندێک لایەن لەگەڵ نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردن دەیانەوێت خۆیان بە بابەتی نابەرپرسانە بێننە پێش".
کاروان باعەدری گوتی، کوردانی ئێزدی پێویستیان بە ئاوەدانکردنەوەی شنگال، گەڕاندنەوەی ئاوارەکان، بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی و قەرەبووکردنەوەیە.
هاوکات شەمۆ قاسم، کەسایەتیی کوردی ئێزدی ئەمڕۆ یەکشەممە 23-6-2024 بە رووداوی گوت: "راگەیێندراوی بنکەی لالش دژی ئەو هەوڵانەیە کە دەدرێن بۆ جیاکردنەوەی کورد و ئێزدییەکان لە یەکدی. ئێزدییەکان بەشێکی دانەبڕاوی کوردن و سەدان بەڵگەنامەی مێژوویی و یاسایی ئەمەیان پشتڕاستکردووەتەوە؛ بۆیە ئەو هەوڵانەی بۆ ئەو مەبەستە هەن سەرناگرن".
شەمۆ قاسم گوتیشی: "بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، تیمی یاسایی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق وەڵامی ئەو نووسراوەی داوەتەوە کە پەرلەمانتارێک داوایکردبوو ئێزدییەکان بە نەتەوەی جیا لە کورد بناسرێن و گوتوویانە دەستووری عێراقی ئێزدی بە ئایین ناساندووە".
لە 18ـی تشرینى دووەمی 2023، نایف خەڵەف سیدۆ، پەرلەمانتارى ئێزدى لە پشکى نەینەوا نووسراوێکی ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کرد کە واژۆى 182 پەرلەمانتارى عێراقى بەسەرەوە بوو و داوا لە سەرۆکایەتیى پەرلەمان کراوە، پڕۆژەیاساى نەتەوەى ئێزدی گەڵاڵە بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ