ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە: سبەی پارێزگار هەڵنابژێردرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە رەتیدەکاتەوە رێککەوتن کرابێ و سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ کۆبێتەوە.
ئەوس مەهداوی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە رۆژی یەکشەممە 23-06-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سبەی دووشەممە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە نییە، بەڵکو ئاگادارکراونەتەوە بۆ گفتوگۆکردن لە ئەنجوومەن، ئامادەبن.
ئەوس مەهداوی، کە نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە جەخت لەوەدەکاتەوە، ئەو قسانەی باس لەوە دەکەن، کە رێککەوتن کراوە و سبەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار کۆدەبێتەوە راست نین، بەڵکو گفتۆگۆ هەیە تاوەکو لایەنەکان بگەنە رێککەوتن بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ئەنجوومەن.
ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە لە 15 ئەندام پێکدێت، شیعە حەوت، سوننە حەوت و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەک کورسی هەیە.
لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، یەکێتی لە رێکخراوی بەدر نزیکە بە سەرۆکایەتی هادی عامری، نوێنەرەکەی یەکێتی دەڵێت، تاوەکو ئێستا موسەننا تەمیمی بەربژێری رێکخراوی بەدر، چانسی هەیە جارێکی دیکە بکرێتەوە پارێزگای دیالە.
رۆژی 18ی کانوونى یەکەمى 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق کرا، لە 28ى كانوونى 2024، ئەنجامى کۆتایی لەلایەن دەستەى دادوەرى هەڵبژاردن پەسند کرا؛ بەڵام بەهۆى رێکنەکەوتنى لایەنەکانەوە، نەتواندراوە پۆستى پارێزگارى دیالە و کەرکووک یەکلایی بکرێنەوە.