لە رۆژانی جەژندا 130 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی سۆرانیان کردووە

23-06-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران دەڵێت، لە رۆژانی جەژنی قورباندا نزیکەی 130 هەزار گەشتیار سەردانی سنوورەکەیان کردووە، کە زیاتر لە 20 هەزار کەسیان بیانی بوون.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 23-06-2024، فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سۆران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئاماری هاتنی گەشتیارانی بۆ سنوورەکە لە جەژنی قورباندا خستەڕوو و رایگەیاند: ''لە رۆژانی پشووی جەژندا، نزیکەی 130 هەزار گەشتیار  سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ناوچە گەشتیارییەکانیان کردووە.''
 
بە گوتەی فەیسەل سادق، زیاتر لە 50 هەزار گەشتیار بە شەو لە بنکە گەشتیارییەکان بەتایبەتی بنکە گەشتیارییەکانی ناوچەی باڵەکایەتی ماونەتەوە.
 
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران لەبارەی ژمارەی هاتنی گەشتیارانی بیانی بۆ سنووری ئیدارەکە گوتی: ''زیاتر لە 20 هەزار گەشتیار کەسانی بیانی بوون کە لە دەروازە سنوورییەکانەوە جگە لە فڕۆکەخانەکان، هاتوونەتە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.''
 
بەپێی راپۆرتی گەشتوگوزاری سۆران، لە رۆژانی جەژنی قوربانی ساڵی رابردوودا، 134 هەزار و 158 گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی دەڤەرەکەیان کردبوو کە 52 هەزار و 512 کەس گەشتیاری نێوخۆیی بوون و 79 هەزار و 541 گەشتیاریش لە ناوچەکانی خواروو و نێوەڕاستی عێراقەوە هاتبوون؛ هەروەها زیاتر لە سێ هەزار گەشتیاریش لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە چووبوونە دەڤەرەکە.   
 
هێشتا ئاماری فەرمیی هاتنی گەشتیارانی رۆژانی جەژن بە تەواوی بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت بەگشتی زیاتر لە 300 هەزار گەشتیار روویان لە ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان کردبێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە