رۆژانە زیاتر لە 7500 تۆن سەوزە و میوەی هەرێمی کوردستان هەناردەی عێراق دەکرێت

23-06-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، رۆژانە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانەوە زیاتر لە 7 هەزار و 500 تۆن سەوزە و میوە دەنێردرێنە نێوەڕاست و خوارووی عێراق، کە زۆرینەی لە هەولێرەوە دەنێردرێت، پاشان دهۆک و سلێمانی. 
 
هۆشیار جەلیل، بەرپرسی چاودێریی گومرگی کشتوکاڵ لە هەولێر ئەمڕۆ یەکشەممە 23-06-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێستا رۆژانە پشتگیری بۆ 300 - 400 بارهەڵگر بەرهەمی نێوخۆیی دەکەین بۆ ئەوەی بارەکانیان ببەنە پارێزگاکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق".
 
بارهەڵگرەکان جۆراوجۆرن، کشتوکاڵی هەولێر تێكڕا بە 15 تۆن بۆ بارهەڵگرێک پێشبینی دەکات، بەگوێرەی ئەوە بێت، رۆژانە زیاتر لە پێنج هەزار تۆن بەرهەمی نێوخۆیی لە پارێزگای هەولێرەوە هەناردە دەکرێت.
 
پەتاتە، پیاز، تەماتە، بامێ، شووتی، کاڵەک، کولەکە، خەیار، کەلەرم، باینجان، بیبەر، ترۆزی و قەیسی ئەو بەرهەمە سەرەکییانەی هەرێمی کورددستانن، کە هەناردەی شارەکانی دیکەی عێراق دەکرێن.
 
بەهۆی بچووکی عەلوەی هەڵەبجەوە، زۆرینەی بەرهەمەکانی پارێزگاکە دەبرێتە عەلوەکانی سلێمانی و لەوێ ساخ دەکرێتەوە. جووتیار خالید، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئێستا کە خەیار، کوولەکە، باینجان، کاڵەک و شووتی پێگەییوە، رۆژانە 65 بۆ 75 پشتگری بۆ ئەو بارهەڵگرانە دەکرێت ئەو بەرهەمانە دەبەنە نێوەڕاست و خوارووی عێراق.
 
هەروەها سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، زۆرترین ئەو بەرهەمانەی دەنێردرێنە عێراق خەیار و کوولەکەن.
 
لەبارەی دهۆکیشەوە، ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەم مانگەدا تاوەکو ئەمڕۆ 37 هەزار و 967 تۆن بەرهەمی سنوورەکەمان رەوانەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق کراوە".
 
مانگی رابردوو بەرهەمی نێوخۆ کەم بووە، لە دهۆک لە تەواوی مانگەکەدا 4 هەزار و 518 تۆن بەرهەم هەناردەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق کراوە.
 
هاوین وەرزی زێڕینی پێگەیشتنی سەوزە و میوەی نێوخۆی کوردستانە؛ لەو وەرزەدا زۆرینەی ئەو بەرهەمانەی لە نێوخۆ بەرهەم دەهێندرێن، هاوردەکردنیان قەدەخە دەکرێت یان باجی زۆریان دەخرێتەسەر.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی ورمێ.

پلاندانانی ورمێ: بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان پێویستمان بە 262 ملیۆن دۆلارە

سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردن و پلاندانانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی پارێزگاکە کە بەشی زۆریان راگیراون، پێویستیان بە زیاتر لە 262 ملیۆن دۆلارە.