رووداو دیجیتاڵ
سبەی دووشەممە وادەی تۆمارکردنی پارت و هاوپەیمانێتی و بەربژێرانی تاکەکەسی بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی دێت، ئەم هەفتەیەش کۆمیسیۆن بڕیاری وەرگرتنی لیستی ناوی بەربژێران دەدات.
د. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دووشەممە 24ی حوزەیران، تاوەکو کۆتایی دەوامی فەرمی دوا وادە دەبێت بۆ تۆمارکردنی پارت و هاوپەیمانێتی و بەربژێرانی تاکە کەسیی ئەوانەی دەیانەوێت بەشداری لە هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن، وادەکە بۆ جاری سێیەم درێژ ناکرێتەوە."
سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوە دا، رێکارەکان بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامن، چاوەڕوانی دیاریکردنی وادەیەکین بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن.
عیماد جەمیل گوتیشی، "ئەم هەفتەیە ئەنجوومەنی کۆمیسیۆن کۆدەبێتەوە، لە کۆبوونەوەکە بڕیار لەسەر وەرگرتنی لیستی بەربژێرانی ئەو پارت و لایەنە سیاسییانە دەدرێت کە بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن."
بەپێی قسەکانی ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن، وادەی وەرگرتنی لیستی ناوی بەربژێرانی ئەو پارت و لیستانەی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن، نزیکەی دوو هەفتە دەبێت.
پێشتر هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان، بزووتنەوەی ئیسلامی، پێکهاتەکانی تورکمان، کریستیان، ئەرمەن لە کاتی کردنەوەی دەرگای تۆمارکردنی پارت و هاوپەیمانێتی و بەربژێرانی تاکەکەس خۆیان تۆمارنەکرد، بەڵام دوای کردنەوەی دەرگای خۆتۆمارکردن بۆ جارێکی دیکە، خۆیان تۆمارکرد، ئەو وادەیە لە 13ـی ئەم مانگەوە دەستیپێکرد، سبەی دووشەممە، 24ـی حوزەیران کۆتایی پێدێت.
20ـی ئایاری 2024 دەستەى دادوەریی هەڵبژاردن، بە بڕیارێک کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراقی ناچار کرد، پێنج کورسیی پەرلەمانى کوردستان بۆ کۆتاى پێکهاتەکان دابنێت، بەوەش ژمارەى کورسی گشتیی لە سێ پارێزگاى هەرێمى کوردستان کەمبوونەوە، بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان 95 کورسیی گشتی و 5 کورسیی پێکهاتەکان هەیە.
هەرچەندە بڕیاربوو رۆژی 10ـی ئەم مانگە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بەڵام نەکرا و ئێستا بۆ وادەی نوێ، کۆمیسیۆن چاوەڕوانی مەرسوومی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ