کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و زەحمەتکێشان رێککەوتن هێزەکانیان لە یەکدی دووربخەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
بە نێوبژیوانیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە - رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، لایەنەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان رێککەوتن هێزەکانیان لە یەکدی دووربخەنەوە و دەست بە دانوستاندن بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوانیان.
بەپێی راگەیێندراوێک کە حدکا و کۆمەڵە - رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، وەفدێکی هاوبەشی هەردوولا لەگەڵ بەرپرسانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و کۆمەڵەی زەحمەتکێشان کۆبوونەتەوە و رێککەوتوون دوو لایەنەکەی کۆمەڵە تاوەکو ئاساییبوونەوەی بارودۆخەکە "خۆیان لە راگەیاندنی دژ بە یەکدی و بە تایبەت بەکارهێنانی زمانی زبر بپارێزن."
هەروەها رێککەوتوون، هێزەکانیان لە یەکدی دووربخەنەوە و لەگەڵ هێوربوونەوەی دۆخەکە دانوستاندن بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکانیان دەستپێبکەن.
حدکا و کۆمەڵە - رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران دەڵێن، ئامادەن بۆ جێبهجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتن، هاوکاری دوو لایەنەکەی کۆمەڵە بکەن.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، کۆبوونەوەی هاوبەشی حدکا و کۆمەڵە، رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممەوە تاوەکو درەنگانی شەوی رابردوو بەردەوام بووە و بەرپرسانی هەردوو لایەنی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بە پێشنیازەکانیان رازی بوون و بڕیاردراوە کۆبوونەوەی دیکە بکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی دانوستاندن.
دوای ئەوەی بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، 21-06-2023 بەشێک لە ئەندامانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند، یەکگرتنەوەیان لەگەڵ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران شکستی هێناوە، لە بارەگای بانەگەورەی زڕگوێز گرژی و ئاڵۆزی روویدا و بەیانی رۆژی پێنجشەممە 22-06-2023 لە ئەنجامی شەڕێک کە لەنێوان پێشمەرگەکانی هەردوولا روویدا، دوو پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان گیانیان لەدەستدا.