گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان: چاوەڕوانی زیاتر لە 300 هەزار گەشتیارین لە جەژنی قورباندا

24-06-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، وەرزی هاوین وەرزی زێڕینی گەشتیارییە و دەشڵێت، چاوەڕوانی هاتنی زیاتر لە 300 هەزار گەشتیارن لە جەژنی قورباندا.
 
رۆژی شەممە، 24ـی حوزەیرانی 2023، ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێمان ناوەتە وەرزی زێڕینی گەشتیاریی هەرێمی کوردستانەوە کە وەرزی هاوینە و لە ئامادەکاریداین پێشوازی لە زۆرترین گەشتیار بکەین".
 
گەشتیارانی هەرێمی کوردستان زۆرینەیان گەشتیاری پارێزگاکانی دیکەی عێراقن؛ دوای ئەوانیش گەشتیاری بیانیین. بەشێک گەشتیاری نێوخۆییش هەن کە گەشتی ناوچەیەک دەکەن و زیاتر لە 24 کاژێر دەمێننەوە.
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت، بەگوێرەی پارێزگاکان، زۆرترین گەشتیار سەردانی سنووری پارێزگای هەولێر دەکەن، دوای هەولێریش سلێمانی، پاشان دهۆک و هەڵەبجە. گوتیشی، "ئەمساڵ گەشتیارێکی زۆر سەردانی سۆران و زاخۆیان کردووە. ئامانجی ئێمە ئەوەیە گەشتیاران تەنیا نەچنە سەنتەری پارێزگاکان و دابەشی سەر هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ببن و لە هەموو شوێنێک هەلی کار بڕەخسێنرێت".
 
28ـی ئەم مانگە جەژنی قوربانە؛ ئیبراهیم عەبدولمەجید دەڵێت، ئامادەکاریان کردووە کە پێشوازی لە زیاتر لە 300 هەزار گەشتیار بکەن لە رۆژانی جەژندا. دەشڵێت، "گەشتیاری ئەم جەژنە وەکو جەژنی رەمەزان نابێت؛ ئێستا پشووی قوتابخانەکانە و لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش بەراورد بە هەرێمی کوردستان پلەی گەرما بەرزترە؛ بۆیە چاوەڕوانی گەشتیارێکی زۆرین".
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزار گوتی، "پلانمان وایە لەمەودوا گەشتیار تەنیا بۆ هاوینەهەوار و سەیرانگە سرووشتییەکان نەیەن؛ شوێنی گەشتیاریی ئایینی و کولتووری و شوێنەواری لە تەواوی هەرێمی کوردستان هەیە. بۆ نموونە، گەشتیاران دەتوانن سەردانی مۆنیومێنتەکانی گەرمیان و بارزان بکەن؛ سەردانی مۆزەخانەکان وەکو مۆزەخانەی ئەمنەسوورەکە بکەن؛ بچنە شوێنە ئایینییە جیاوازەکانی وەکو لالش".
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزار باسی لەوەشکرد، وەکو جەژن و بۆنەکانی رابردوو، بۆ جەژنی قوربانیش لە بازگەکان پێشوازی لە گەشتیاران دەکەن و رێنوێنیی پێویستیان بۆ شوێنە گەشتیارییەکان پێدەدەن. گوتیشی: "هاوئاهەنگیمان لە ئاستێکی باڵادایە لەگەڵ ئاسایشی بازگەکان بۆ ئەوەی بە زووترین کات گەشتیاران بەڕێبکەن".
 
بەگوێرەی داتای دەستەی گەشتوگوزار، سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵ دوو ملیۆن گەشتیار لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە. هەر بەگوێرەی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو شەش ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سکرینشۆت لەو ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە.

ژمارەیەک پۆلیسی عێراق بە تۆمەتى ئاژاوەگێڕی دەدرێنە دادگە

وەزارەتى ناوخۆى عێراق لیژنەى لێکۆڵێنەوە لەسەر ژمارەیەک پۆلیسی فیدراڵى لە ئەنبار پێکدەھێنێت و دەیانداتە دادگە بە تۆمەتى ئەوەى کارى "ئاژاوەگێڕی و تێکدەرانە"یان کردووە.