رووداو دیجیتاڵ
لە زەوييە کشتوکاڵییەکانی پێنجوێن رۆژانە سەدان کرێکار هەلی کاریان دەستدەکەوێت؛ محەممەد ئاوارەی تەمەن 66 ساڵ خەڵکی مەريوانی رۆژهەڵاتی کوردستانە و باوکی 10 منداڵە، ئەو پێنج ساڵە بۆ کارکردن دەچێتە پێنجوێن و رۆژانە 11 کاژێر کاردەکات و 30 هەزار ديناری دەستدەکەوێت.
محەممەد بەدەم کارکردنەوە باسی ژیانی خۆی و بژێویی بۆکردم، گوتی، "لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتووم، خەڵکی مەريوانم، لێرە ئەو 30 هەزار دینارەی پەیدای دەکەین ملیۆنێکی لای خۆمان [ملیۆنێک تمەن] دەکات، باشە و پێی دەژین."
لەبەرئەوەی لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دێت، پرسیاری شێوازی هاتووچۆم لێکرد کە ئایا گرفتیان بۆ دروست دەکەن یان نا؟ گوتی، "نە لەودیوەوە کە دێین پرسیارمان لێ دەکەن، نە لەم دیو کە دەچینەوە، پاسپۆرتەکەیان پێدەدەین، مۆرێکی دەکەن و بێخەم دێین و دەڕۆینەوە."
رۆژانە لە ناوچەکانی دەوروبەری پێنجوێنەوە خەڵک دەچن بۆ کارکردن، سامان سەرپەرشتیاری کرێکارانە، رۆژانە کرێکار بۆ جووتیاران پەیدا دەکات، دەڵێت: ساڵانە لە 1ـی ئایارەوە لە پێنجوێن کاری جووتیاران دەستپێدەکات، ئەو لەگەڵ خاوەن کێڵگەکان و جووتیاران پەیوەندی هەیە و کرێکاریان بۆ دابین دەکات کە خەڵکی ناوچە جیاوازەکانی دەوروبەری پێنجوێنن.
پشتیوان محەممەد جووتیارە و خەڵکی پێنجوێنە، هەلی کاری بۆ نزیکەی 500 کرێکار رەخساندووە و داوا دەکات لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمی خۆماڵی دەروازە سنوورییەکان دابخرێن بۆ ئەوەی بەروبوومی نێوخۆ ساخببێتەوە. دەشڵێت "نەک تەنیا هەرێمی کوردستان، دەتوانین بەشی عێراقیش بەروبووم بەرهەم بهێنین."
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پێنجوێن، 46 هەزار و 567 دۆنم زەوی لە سنووری قەزاکە بەروبوومی هاوینەیان تێدا چێندراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ