حکومەتی ئەڵمانیا: ئولاف شوڵتز و نێچیرڤان بارزانی لە بەرلین کۆدەبنەوە

23-06-2023
عەلی زەڵمی
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئولاف شوڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئولاف شوڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەڵمانیا دەکات و لەگەڵ راوێژکاری ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە و پێکەوە باس لەو پرسانە دەکەن جێگەی بایەخی هەردوولان. ئەمە بەگوێرەی جێگری گوتەبێژی حکومەتی ئەو وڵاتە. 
 
بڕیارە رۆژی دووشەممە، 26-6-2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەرلین لەگەڵ ئولاف شوڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا کۆببێتەوە. 
 
بە گوتەی کریستیان هۆفمان، جێگری گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا کە ئەمڕۆ هەینی 23-6-2023 لە بەرلین قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و ئاڵا شاڵی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداویش ئامادە بوو، رۆژی دووشەممە ئولاف شوڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە بەرلین پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات. 
 
لە وەڵامی پرسیارێکی ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداودا لەبارەی تەوەری کۆبوونەوەکە، جێگری گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا گوتی، ئولاف شوڵتز و نێچیرڤان بارزانی باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا دەکەن و پێشهاتەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش تاوتوێ دەکەن. 
 
پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیادا هەیە. ئەڵمانیا لە کاتی شەڕی دژی داعشدا پاڵپشتی گەورەی هەرێمی کوردستانی کرد. بۆ نموونە، چەکی میلان یەکێک لەو چەکە کاریگەرانە بوو ئەڵمانیا رادەستی پێشمەرگەی کرد بۆ تێکشکاندنی هێرشەکانی داعش. هەروەها ئەڵمانیا دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی داعش بە ئاراستەی باشووری کوردستان لە هاوینی 2014دا راوێژکاری سەربازی ناردە هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ راهێنانکردن بە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق و ساڵی 2016 نزیکەی 160 راوێژکاری سەربازیی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان و عێراق بوون. 
 
دوای هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 و زیادبوونی گوشارەکانی سەر هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە یەکێک لەو وڵاتانەی پاڵپشتیکاری گەورەی هەرێمی کوردستان بوو ئەڵمانیا بوو. رۆژی 18-12-2017 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان لە بەرلین لەگەڵ ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری ئەو کاتی ئەڵمانیا کۆبووەوە. هەمان رۆژ نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ زیگمار گابریل، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئەڵمانیا کۆبووەوە. سەفین دزەیی، گوتەبێژی ئەو کاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکاندا جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە پێگەی هەرێمی کوردستان لە عێراقدا بەهێز بکرێت و هەوڵ بدرێت کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە رێگەی دیالۆگ و لەسەر بنەمای دەستووری عێراق چارەسەربکرێن.
 
دەقی قسەکانی جێگری گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا و پرسیاری رووداو:
 
کریستیان هۆفمان، جێگری گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا: رۆژی دووشەممە، 26-06 راوێژکاری ئەڵمانیا لە باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق نێچیرڤان بارزانی دەکات. لە کۆبوونەوەکەیاندا پرسە نێوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان باس دەکرێن. 
 
رووداو: بەڕێزتان ئاماژەتان بەوەدا کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و راوێژکاری ئەڵمانیا کۆدەبنەوە. دەمەوێت بزانم پرێسکۆنفرانس ئەنجامدەدرێت و تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکیان چی دەبێت؟ هەروەها دەمەوێت بزانم حکومەتی ئەڵمانیا چی دەکات بۆ کوردانی ئێزدی لە چوارچێوەی بڕیاری پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی؟ 
 
کریستیان هۆفمان: وەک گوتم بەڵێ؛ باس لە پرسە ناوچەییەکان دەکرێت؛ لە هەمانکاتیشدا پەیوەندیی دووقۆڵییەکانیش تاوتوێ دەکەن. بەڕاستی ناتوانم لێرە بچمە نێو وردەکارییەکان، بەڵام بەوردی پرسە نێوخۆییەکان تاوتوێ دەکەن؛ ئەوە لە ئەجێندای کۆبونەوەکەیاندایە. پرێسکۆنفرانسیش ئەنجام نادەن. ئەوەی پەیوەندی بە ئێزیدییەکانەوە هەیە، حکومەتی ئەڵمانیا لەمێژە هاوکاری پێشکێش بە ئێزیدییەکان دەکات بۆ پاراستنی مافیان و بە دڵنیاییەوە ئەوە بەردەوام دەبێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی وەزارەتى ناوخۆى عێراق.

وەزارەتى ناوخۆى عێراق: دەستگیرکردنى ئەفسەر و کارمەندەکان لە کەرکووک پەیوەندى بە سەرژمێرییەوە نەبووە

وەزارەتى ناوخۆى عێراق رەتیکردەوە، دەستگیرکردنى ئەفسەر و کارمەندانى وەزارەتەکەى لە بازگەکانى کەرکووک پەیوەندى بە سەرژمێرىی گشتیى دانیشتووانەوە هەبووبێت و دەڵێت، "18 ئەفسەر و کارمەند گەندەڵى داراییان لەسەر سەلمێندراوە و راگیراون".