جەبار یاوەر: لە پێنج مانگدا 200 جار ئاسمان و خاکی هەرێمی کوردستان پێشێلکراوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 200 خاک و ئاسمانی هەرێمی کوردستان پێشێلکراوە؛ ئاماژە بەوەشدەکات کە عێراق توانای پاراستنی سەروەریی ئاسمانی وڵاتەکەی نییە.
جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە رۆژی 22-6-2022 و لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی: "هێرشی درۆنی بۆسەر هەرێمی کوردستان و تەنانەت عێراقیش بووەتە دیاردە، ئەم هێرشانە پەیوەندییان بە ناسەقامگیریی دۆخی سیاسیی عێراقەوە هەیە".
جەبار یاوەر گوتی، لە عێراقدا گرووپی جیاجیا هەن و بەشێکیان لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەتن و ئەوەش هۆکارێکە بۆ ناسەقامگیربوونی دۆخی ئاسایشی عێراق.
ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە، لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری چەمچەماڵ گوتی، دەکرێت لەسەر بنچینەی کەوتنەخوارەوەی و جۆری مووشەکەکە بتوانرێت ئاراستەکەی دیاری بکرێت و بزانرێت لە کوێوە تەقێندراوە.
جەبار یاوەر ئاماژەی بەوەشکرد، لە باشووری قادر کەرەم، بۆشایی ئەمنی لە نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان هەیە، ئەوە جگە لەوەی کە لە سنووری چیای غەڕە و پەلکانە چەکدارانی داعش جموجوڵیان هەیە.
جەبار یاوەر پێیوایە هێرشی مووشەکی و درۆن و فڕۆکەی جەنگی مەترسی سەرەکین بۆسەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان و دەڵێت، جگە لەو هێرشەی کە لە 13ی ئاداری 2022 کرایە سەر هەولێر و کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرپرسیارێتییەکەی لەئەستۆگرت، هەموو هێرشەکانی دیکە کە کراونەتەسەر هەرێمی کوردستان بە کاتیۆشا و مووشەکی مەودا کورت بوون کە مەودای مووشەکەکان لە نێوان 30 بۆ 40 کیلۆمەتردا بووە، ئەوەش دەریدەخات لە ناوخۆی عێراقەوە هێرشەکان ئەنجامدراون.
ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی، لە مانگی 1ی ئەمساڵەوە تاوەکو 31ی مانگی 5ی ئەمساڵ، 200 هێرشی ئاسمانی و زەوینی کراونەتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند، نوێترین سنووربەزاندن درۆنەکەی تورکیا بوو کە نزیکەی زیاتر لە 300 کیلۆمەتر خاکی هەرێمی کوردستانی بەزاند و لە نزیک کەلار ئۆتۆمبێلێکی بۆردوومانکرد.
ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی، ئێستا عێراق توانای پاراستنی سەروەریی ئاسمانی وڵاتەکەی نییە و بۆ رێگەگرتن لەو هێرشانە دەبێت دەزگا هەواڵگرییەکان ئەو رۆڵە ببینن، بەڵام دیارە ئەوانیش ئەو توانایەیان نییە.
عەدنان کینانی، عەمیدی خانەنشین و شارەزاری ئەمنی لە بەغداوە بەشداریی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ بوو و گوتی: "ناتوانین هیچ لایەنێک بە ئەنجامدەری هێرشەکەی سنووری چەمچەماڵ تۆمەتبار بکەین" و پێیوایە ئەو هێرشەی کراوەتە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر پەیامێکە.
عەدنان کینانی دەڵێت، دەبێت هەولێر و بەغدا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکان و رێگەگرتن لێیان، هاوئاهەنگی هەواڵگریی نێوانیان زیاتر بکەن.