پۆلیسی هەولێر: سێ دزمان دەستگیرکرد یەکێکیان ئۆتۆمبێلێکی بە 40 هەزار دۆلارەوە دزی بوو

23-06-2022
راوچی حەسەن @Rawchihasan
وێنەی سێ تۆمەتبارەکە کە پۆلیسی هەولێر وێنەکانی بڵاوکردووەتەوە
وێنەی سێ تۆمەتبارەکە کە پۆلیسی هەولێر وێنەکانی بڵاوکردووەتەوە
نیشانەکردن پۆلیسی هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، سێ دزیان دەستگیرکردووە کە لە رۆژێکدا سێ ئۆتۆمبێلیان لەنێو شاری هەولێر دزی بوو. دەشڵێت "یەکێک لە تۆمەتبارەکان ئۆتۆمبێلێکی دزی بوو 4 دەفتەر دۆلار [ 40 هەزار دۆلار]ی تێدا بووە."
 
کاژێر 09:00ی شەوی پێنجشەممە 23-6-2022 ، موقەدەم هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سێ تۆمەتبارەکە یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانیان لە شەقامی 60 مەتریی هەولێر دزی بوو، ئۆتۆمبێلی دووەم لە نەخۆشخانەی رۆژئاوا و ئۆتۆمبێلی سێیەمیشیان لە شەقامی ئیسکانی هەولێر دزی بوو. 
 
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت، دوای بەدوداچوون و لێکۆڵینەوە و پێکهێنانی لیژنە کەسەکانیان دەستنیشان کردووە. دەشڵێت "هەرسێ تۆمەتبار پێشتر پێشینەی تاوانیان هەبووە."
 
هۆگر عەزیز ئاماژەی بەوەدا کە هەرسێ ئۆتۆمبێلەکانیان دوای دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان دۆزیوەتەوە و ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس ئۆتۆمبێلەکان پارێزراون.
 
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر راشیگەیاند کە یەکێک لە تۆمەتبارەکان ئۆتۆمبێلێکی ناردبووە پارێزگای دهۆک و لەوێ فرۆشتبووی. 
 
دەشڵێت "بە هاوکاری پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی دهۆک تۆمەتبار دەستگیرکراو ئۆتۆمبێلەکەش دەستی بەسەرداگیرا و رادەستی پۆلیسی هەولێر کراوە."
 
"یەکێک لە تۆمەتبارەکان دوای 14 ساڵ لە زیندان ئازادکراوە، بەڵام دووبارە دزی کردووەتەوە"
 
هۆگر عەزیز باسی یەکێک لە تۆمەتبارەکانی کرد کە پێشتر 14 ساڵ لەسەر تاوانی جۆراوجۆری دزیکردن دەستگیرکرابوو، بەڵام دوای ئازادکردنی بە دوو مانگ جارێکی دیکە دزی کردووەتەوە و پاشان لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستگیرکراوەتەوە. 
 
یەکێکی دیکە لە تۆمەتبارەکان دوای 3 ساڵ و هەشت مانگ لە دەستگیرکردنی لەسەر تاوانی دزی، جارێکی دیکە دزی کردووەتەوە و دەستگیرکراوەتەوە. دەشڵێت " تۆمەتبارێکیان ئۆتۆمبێلێکی دزی بووە بڕی 40 هەزار دۆلاری تێدابووە و لە دهۆک فرۆشتبووی."
 
ئەوانەی دەستگیرکراون تەمەنیان 29، 35 و 44 ساڵن، هەر سێ تۆمەتبارەکەش بە ماددەکانی 442 و 443 لە یاسای سزادانی عێراقی پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە