شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی وەزارەتی بەرگریی عێراق دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2022/06/23 شاندێکی سەرۆکایەتیی ئەرکانی پێشمەرگە بە سەرۆکایەتیی فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی وەزارەتی بەرگریی عێراق دەکات و لەگەڵ سەرۆکایەتیی ئەرکانی وەزارەتی بەرگریدا کۆدەبنەوە.
عەقید ستار عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "رەنگە شاندەکە کاژێر 10:00 بگەنە وەزارەتی بەرگریی عێراق."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە دا، کۆمەڵێک بابەتی هەنووکەیی لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریدا هەن کە پێشتر کاریان لەسەر کراوە و لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لێوە دەکرێت، وەک پەیوەندییەکانی نێوانیان، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لەنێوان بەرەکانی پێشمەرگە و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عێراق.
عەقید ستار عەبدولکەریم ئەوەی خستەڕوو کە بابەتێکی دیکەی گفتوگۆکان پەیوەندیی بە لیوا هاوبەشەکانەوە هەیە کە پێشتر بۆ ناوچە دابڕێنراوەکان بڕیاریان لێدراوە کە تاوەکو ئێستا لە بابەتی لۆجستی و داراییەوە نەچووەتە پێش و لەو ناوچانە بە تەواوەتی جێگیر نەکراون.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: "هەروەها باس لە بەشداریی خوێندکارە ئەفسەرە پێشمەرگەکان لە خوێندنی باڵا لە کۆلێژەکانی ئەرکانی بەغدا دەکرێت. رەنگە هەندێک بابەتی دیکەیش باس بکرێن کە پەیوەندییان بە هەردوو وەزارەتەوە هەیە."
لە ماوەی رابردوودا چەند جارێک بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشکرایە سەر هەولێر و زیانی ماددی بەر هاونیشتمانییان کەوت. بەشێک لەو هێرشانە لەلایەن گرووپە لەیاسادەرچووە چەکدارەکانەوە بوون و بەشێکیشیان ئێران بەرپرسیارێتییەکەیانی گرتە ئەستۆ کە پاساوەکەی هەبوونی بنکەی ئیسرائیلی بووە لەو شوێنانە.
عەقید ستار عەبدولکەریم گوتی: "زانیاریی تەواوم نییە لەسەر ئەوەی لێکۆڵینەوە کرابێت لەسەر هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام رای گشتی و میدیایش ئەو گرووپانەیان دەستنیشان کردوون کە لە دەرەوەی یاسان و لە عێراقدا هەن."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی: "بەداخەوە تاوەکو ئێستا لەلایەن سوپای عێراقەوە گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا بەتەواوەتی دەستنیشان نەکراون. بڕوا ناکەم ئەمڕۆ ئەو هێرشانە تەوەرێک بێت لە تەوەرەکانی گفتوگۆ."
عەقید ستار باسی لەوە کرد، پێشمەرگە پێویستیی بە چەک، تەقەمەنی، کەلوپەل و ئامێرە. وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام داوای لە هاوپەیمانان و سوپای عێراق کردووە کە هێزەکانی لە رووی کەلوپەل و چەکەوە بەهێزتر بکرێن.