مەسرور بارزانی سوپاسی پشتگیرییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ هێزی پێشمەرگە دەکات

23-06-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
مەسرور بارزانی و نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بە وەکالەت. وێنە: سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان
 
رووداو دیجیتاڵ

مەسرور بارزانی پێشوازیی لە نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بە وەکالەت کرد و لە کۆبوونەوەکەیاندا گۆڕانکارییەکانی عێراق و سووریا و هەوڵە بەردەوامەکانی رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش تاوتوێکرا. هەروەها مەسرور بارزانی بەشداریپێکردنی شاندی هەرێمی کوردستانی لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بە گرنگ باسکردووە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 23-06-2021 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جۆن گادفرەی، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بە وەکالەت و شاندێکی یاوەری کۆبووەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "جۆن گادفرەی نیگەرانیی خۆی لە پەرەسەندنی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش لە هەندێک لە ناوچەکانی عێراق و سووریا دەربڕی و جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوونی پشتگیریکردنی پێشمەرگە و سوپای عێراق کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانە و دابینکردنی سەقامگیریی لە ناوچەکەدا". 
 
جۆن گادفرەی لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەداوە کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی تایبەتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەبچێت.
 
مەسرور بارزانی وێڕای سوپاسکردنی پشتگیرییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ هێزی پێشمەرگە، کاراکردنەوەی سەنتەرەکانی هاوئاهەنگیی ئەمنیی هاوبەش لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێم، بە هەنگاوێکی گرنگ دانا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش لەو ناوچانەدا.
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لە گرنگیی بەشداریکردنی شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە رۆما کردەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە