رووداو - هەولێر
دوای گیانلەدەستدانی چوار کارمەندی تەندروستی، کارگوزار و شۆفێرەکانی میلاکی وەزارەتی تەندروستی لە سلێمانی، گەرمیان و راپەڕین، وەزیری تەندروستی پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاریان دەکات و دەڵێت "لە پیرۆزترین ئەرکی مرۆڤایەتیدا گیانیان لەدەستدا".
لە پەیامێکی هاوخەمیدا د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی رایگەیاند "بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە بەناوی وەزارەتی تەندروستی پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادەی هەر چوار خوالێخۆشبووی کارمەندی تەندروستی، کارگوزار و شوفێرەکانی میلاکی وەزارەتی تەندروستی دەکەین لە شاری سلێمانی، دەڤەری گەرمیان و راپەڕین کە بەداخەوە بەهۆی تووشبوونیان بە نەخۆشیی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە پیرۆزترین ئەرکی مرۆڤایەتی گیانیان لەدەستدا".
هەر لەو پەیامەدا، وەزیری تەندروستی دەڵێ، پزیشكان، كارمەندان و فەرمانبەرانی تەندروستی لە سەنگەری پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتا جیهانییەن کە بەتەواوی تواناكانیانەوە كاردەكەن بۆئەوەی گیانی هاونیشتمانیان بپارێزن و بەردەوام لە هەموو كارەساتەكان لە سەنگەری بەرگری بوون و سڵیان نەکردووەتەوە.
د. سامان بەرزنجی داوا لە هاونیشتمانیان دەکات پابەندی رێنماییە تەندروستییەكان بن بۆئەوەی بتوانرێت کۆنترۆڵی کۆرۆنا بکرێت و هاونیشتمانیان لە پەتاکە رزگاریان ببێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە رێژەی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیادیکردووە، بەشێوەیەک لە هەرێمی کوردستان چوار هەزار و 164 کەس تووشی کۆرۆنا بوون کە دوو هەزار و 955 کەسیان لە سلێمانین، هەروەها لە کۆی 118 تووشبووی کۆرۆنا کە گیانیان لەدەستداوە، 98 کەسیان لە سلێمانی بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ