وردەکاریی چوار رووداوی کوشتن لە هەولێر

23-06-2018
سیداد لەشكری @sidadlashkri
لە چوار رۆژدا چوار کەس کوژران و شەش کەس دەستگیرکراون
لە چوار رۆژدا چوار کەس کوژران و شەش کەس دەستگیرکراون
نیشانەکردن کوشتن
A+ A-

رووداو - هەولێر

لەماوەی چوار رۆژدا لە هەولێر چوار کەس کوژران. پۆلیس شەش کەسی لەسەر ئەو رووداوانە دەستگیرکردوون.

ئێوارەی 22ی ئەمانگە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی باوک و کوڕێک لە شوێنی کارەکەیان کە نەمامگەیەک بوو لەناو شاری هەولێر، کوژران. کێشەکە بۆ دوو ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، کاتێک برای کوژراوەکە لەسەر قەرز دوو کەس دەکوژێت، کەسوکاری کوژراوەکانیش بۆ تۆڵەکردنەوە برا و برازیەکی ئەویان لە شوێنی کارەکەیان کوشتەوە.

رۆژی 21ی ئەم مانگەش گەنجێک بەناوی "ر . ر" لەسەر رێگای کەسنەزان بە هەڵە کوژرا، بکوژەکەی بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتووە. 

لە رووداوێکی دیکەشدا بەهۆی شکاندنەوەی ئۆتۆمبێل بۆ سەر منداڵێکی پێنج ساڵان، گەنجێکی تەمەن 28 ساڵ لەبەر چاوی دایک و باوکی لە عەنکاوە کوژرا. تۆمەتباری رووداوەکەش دەستگیرکراوە و باسی رووداوەکە دەکات.

س . ق-ی تۆمەتبار دەڵێت "من و کوڕەکەم لەبەر دەرگا بووین، ئەو کوڕە لەگەڵ کەسێکی دیکە شکاندییەوە سەر من و منداڵەکەم. منیش چوومە لای باوکی و پێمگوت کوڕەکەت کێشەی چییە لەگەڵ من، ئەویش گوتی هەر چی بووە لەسەر منی حیساب بکە. منیش دەستی باوکیم ماچ کرد و ویستم بڕۆم، کەچی کوڕەکەی هاتەوە و قسەی بە من گوت، منیش بە دەمانچەم تەقەم کرد، نەمزانی فیشەکەکەی بەرکەوتووە". 

دووای ئەو رووداوانە، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دەستگیرکردنی شەش کەسی بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی راگەیاند، کە ئەو ماددەیە کوشتنی بە ئەنقەست دەگرێتەوە.

لیوا عەبدولخالق تەلعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، نەتوانراوە چارەسەر بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکان بدۆزرێنەوە، چونکە زۆرینەی حاڵەتەکانی کوشتن دەگەڕێنەوە بۆ کێشەیەک کە پێشتر روویداوە و لایەنێکیان تۆڵە دەکەنەوە.

بەپێی ئامارەکانی پۆلیسی هەولێر، لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 40 تاوانی کوشتن و خۆکوشتن و دزیکردن ئەنجامدراون، لە زۆربەیاندا چەک بەکارهێنراوە. لەسەر ئەو رووداوانەش 61 کەس دەستگیرکراون.

تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان نەتوانراوە دیاردەی هەڵگرتنی چەکی بێموڵەت بەتەواوی بنبڕبربکرێت. لە شارەکانی کوردستان بازاڕی کڕین و فرۆشتنی چەک هەیە، هەرچەندە بەگوێرەی یاسا و رێنماییەکان بەبێ بوونی موڵەت ناب  چەک بەهیچ کەسێک بفرۆشن، بەڵام دەگوترێت بەنهێنی چەک بەکەسانی بێ موڵەتیش دەفرۆشرێت.

داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە