گێڕانەوەی مێژوویی


ئەم وتارە بەنیاز نییە لە گرنگیی ڕشتەی مێژوو کەم بکاتەوە، چونکە ئەو کەسانەی گرنگی بە مێژوو نادەن، ڕەنگە ڕۆژێک لە ڕۆژان خۆیشیان بکەونە ئەو هەڵانەوە کە لە ڕابردوودا قەوماون.

ئەوەندە هەیە، ڕۆماننووس و چیرۆکنووس هەر یەکە بە شێوازی تایبەت بە خۆیان مێژوو دەگێڕنەوە. تۆلستۆی لە ڕێی ڕۆمانەوە، مێژووی وڵاتی ڕوسیای دەگێڕایەوە. جێمس جیوس مێژووی ئیرلەنداو هەرچی جۆرجی زەیدان-یشە بە شێوازی ڕۆمانتیکیانە مێژووی عەرەبی دەگێڕایەوە. ڕۆمان و چیرۆکی خەیاڵی زانستییان لێ دەرچێت، کە باسی ڕووداوەیلی ئەوتۆ دەکەن، لە داهاتوودا دەقەومێن و پێشبینین، بە گشتی خاڵی هاوبەشی نێوان ئەدەبی گێڕانەوە و مێژوو ئەوەیە، هەردوولا ڕووداوەیلی ئەوتۆ دەگێڕنەوە، کە لە ڕابردوودا قەوماون.

زۆر جاران، وەک چۆن فیلمی دۆکیومێنتاری پشت بە بەڵگە دەبەستێت، سەردنووسیش هەمان کار دەکات. ڕۆمانی مێژوویی بەو واتایە دێت کە ئێمە بەڵگەی مێژووییمان هێناوە، لەلای خۆمانەوە خەیاڵمان ئاوێتە کردووە. دەشێ بڵێین، هاتووین مێژوومان لە کەشێکی خەیاڵاویدا گێڕاوەتەوە. ڕۆماننووس دێت بە ڕێگەیەکی هونەری، ڕووداوەیل دەچنێت. دیارە کە ڕەگەزی چنینیش (پلۆت) سەر بە هونەری گێڕانەوەیە. واتە نووسەر دێت ڕووداو و کارەکتەر لە کات و شوێنی گونجاوی خۆیاندا دادەنێت و دەیانجوڵێنێت، تاکو کارەکتەر، ئەو ئەرکەی، کە نووسەر بەپێی نەخشە و پلانێک، ڕەنگی بۆ ڕشتووە، بە دروستی ڕاپەڕێنێت. واتە سەردنووس دەست دەخاتە ڕشتەی مێژووەوە کە زۆر جاران ڕووداوەکان هی تەمەنی خۆی نین، بەڵکو زۆر لەمێژە ڕوویانداوە.

نووسەر دێت، لە خەیاڵدانی خۆیەوە ڕووداوی ئەوتۆی بۆ زیاد دەکات کە کاتی خۆی (پادشا) بە خەیاڵیدا نەهاتووەو بیری لێ نەکردووەتەوە. ئەوەندە هەیە ڕوودانێکی شیمانەکراوە. وەلێ نووسەر دێت، کارە ئەدەبییەکەی خۆی بە وەسف و وێنەی شیعری و جوانکاریی تر دەڕازێنێتەوە، کەچی مێژوو بە زمانی ڕاپۆرت دەنووسرێت. ئەم دێت دەیان کارەکتەری لاوەکیی نێرو مێی ئەوتۆ دەخولقێنێت کە مێژوونووس هەر ناویشی نەبیستوون و لاشی لێ نەکردوونەتەوە. ئەوەندە هەیە ئەدەب و مێژوو لەنێوان خۆیاندا جۆرێک لە دەق ئاوێزان چێدەکەن. یان وەک لیندا هیچیون دەڵێت: "ڕۆمان، لەناو مێژوودا جێی خۆی دەکاتەوە، بێئەوەی وەک ڕۆمان دەستبەرداری سەربەخۆیی خۆی ببێت."

مێژوونووس دێت، کارە باشەکان و گشت سەرکەوتنەکان دەداتە پاڵ پادشاو سەرکردە. ئەوەی پلە و پایەی لە خوار پادشا و سەرکردەوە بێت، قەپانی مێژوو نایخوێنێتەوە. لای مێژوونووس، نێرەکانن کە مێژوو دەخولقێنن. لەحاڵێکدا ئامادەبوونی ڕەگەزی مێ، لە ژانری ڕۆمان، یان لە چیرۆکدا هەم بۆ تەشویقە، هەمیش بۆ بەشداریی ڕەگەزی مێیینەیە وەک مرۆڤ. لە ژانری ڕۆماندا هەر کارەکتەرە بەپێی توانا و کاریگەریی خۆی، لەسەر ڕووداو، لە خولقاندنی کەشوهەوای ڕووداودا، پشکی بەردەکەوێت. خوێنەریش هەست بە پشکداریی ئەوان دەکات.

ڕۆماننووس دێت لەپاڵ بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات، جەنگ و سەرەوکاریی پرۆژەیل، کاری تر بۆ پادشا دەدۆزێتەوە. ڕۆمان دەست دەخاتە نێو ژیانی تایبەتی و پەنامەکیی پادشاوە. ئەم کارانە کە لەدەست سەردنووس دێن، بە ڕواڵەت وەک کاری لاوەکی دەردەکەون، بەڵام لە ڕاستیدا لاوەکی نین، بەڵکو تەواوکاری ئەو ڕووداوە گرینگانەن، کە پێکەوە فەزا بۆ ڕۆمان خۆش دەکەن. ڕۆماننووس لێرەوە ڕەمز و ئاماژە دەئافرێنێت و واتاشیان پێ دەبەخشێت، ناکۆکییەکانیشی پێ تیژتر دەکاتەوە. تەشوقی پتریشی پێ دەبەخشێت، کاتێک ئەو لە خەیاڵدانی خۆیەوە گوتوبێژیان دەداتە پاڵ و چالاکیان دەکات. ئەو بەم کارانەی، جارێکی تر مێژوو دێنێتە ژێربار و ڕامی دەکات. لە وتاری مێژوویییەوە دەیکات بە وتاری ئەدەبی. 
دەتوانین بڵێین، ڕۆماننووس دێت سەرلەبەری ناسنامەی وتارەکە دەگۆڕێت. ئەگەر ئەرکی مێژوو ئەوەبێت، زانیاریی دروست لەمەڕ سەردەمێک بە خوێنەر بگەیەنێت، ئەی کەواتە ڕۆمان چ سوودێکی هەیە و لەپای چی دەنووسرێت؟

لەڕاستیدا ڕۆمان وێڕای ئەوەی ئەدەبە، کاری هەرە گرینگی ئەوەیە، ئەوسای کۆن بە ئێستاوە گڕێ بدات و لەڕێی زەقکردنەوەی هەڵەکانی ئەوساوە لە لایەک، بە هونەریکردنیان لەلایەکی ترەوە، دەرسمان دادەدات و ئێمە ئەزموونیشی لێ وەردەگرین. چونکە ئەو هەڵە مێژوویییانەی ئەوسا، شیمانەی دووبارەبوونەوەیان هەیە.

لە لایەکی ترەوە، تۆ ناتوانی ڕشتەیەک بدۆزیەوە، هێندەی ڕشتەی مێژوو درۆ و ساختەکاریی تێکەوتبێت. بە تایبەتی مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوین. ڕووناکبیرانی کورد دەزانن، چلۆن مێژووی ئێمە شێوێنراوە. سەددام حسێن دەهات ژێرکەوتنەکانی خۆی بڕێك ئارایشت دەکرد، ئەوجا بە نرخی سەرکەوتن بە گەلانی عێراقی دەفرۆشتنەوە. لەم ڕووەوە ڕۆماننووسی فرانسی، ئەناتۆل فرانس (1844_1924) سەبارەت بە ڕشتەی مێژوو، بە لاقرتییەوە دەڵێت: "ئەو کتێبە مێژوویییانەی، کە درۆ و ساختەکارییان تێدا نییە، تا ڕادەی مەرگ بێزارکەرن!" وەلێ ڕۆمانی مێژوویی، ڕاستگۆیی هونەریی تێدایە، هێندێک جاران پەردەیش لەڕووی ساختەکاری و درۆکانی مێژوو هەڵدەداتەوە و، ڕاستییەکان دەنووسێتەوە.

ڕۆمان، گرێ و چنین، کارەکتەری سەرەکی و لاوەکی هەیە. گفتوگۆ، مۆنۆلۆگ، وەسف و کات و شوێنی تێدا بەگەڕخراوە و کرۆنۆلۆژیانەیش ڕووداو ناگێڕێتەوە، ڕۆمان ئاسۆیی بنیاتنانرێت، بەڵکو لە بیچمی چیادایە، لە بنارەوە سەردەکەوێت، تا دەگاتە لوتکە. پاشان دادەکشێت، گرێ دەکرێتەوەو بیرۆکەکەیش بە ئەنجام دەگات. ڕۆمان دەریالووشە، جیڕیی تێدایە، جێی هەرچی شت هەیە تێیدا دەبێتەوە. لە نوکتەوە بۆ مەتەڵ، شیعر، زمانی سینەما، حیکایەت، شێوەکاری، ڕۆژنامە و زمانی وێنە. هەرچی ڕشتەی مێژووشە، لە سەرەتاوە بۆ کۆتایی بە یەک ئاستی زمان دەنووسرێت. له هەموو دۆخێکدا، بۆ ڕۆمان خەیاڵ ڕەگەزێکی گرینگە، کە خوێنەر بۆ لای خۆی کێش دەکات، لە حاڵێکدا مێژوو خەیاڵی تێدانییە. مێژوونووس دێت، واقعێکی وشکی ڕووت دەگێڕێتەوە.

دەتوانین بڵێین، ڕۆمانی مێژوویی، لە مێژووەوە هەڵدەقوڵێت و ڕۆمانی فیلۆسۆفی لە فەلسەفەوە. دیارە مێژوویش جۆگەلەیەکە، دەچێتەوە سەر ڕووباری مەعریفە. ئێمە لە سەربوردەی ڕابردووەوە فێری ئەوە دەبین چلۆن داهاتوویەکی جوانتر بنیات بنێین. وەلێ یادەوەری لە زەینی ئێمەدا دەقاودەق وەک خۆی نامێنێتەوە. بەڵکو لەگەڵ کۆنبوونیدا، گۆڕانی بەسەردا دێت. واتە ئێمە ناتوانین، ئەوەی هەزار ساڵ بەری نها قەوماوە، بەوردی و چلۆن ڕوویداوە، ئاوا بیگێڕینەوە. بەڵکو دێین لەلای خۆمانەوە کلک و گوێی بۆ زیاد دەکەین، یان لێی کەم دەکەین. ئەوە بۆیە، تۆ دوو تاک نابینیت، ڕووداوێکی مێژوویی وەک یەک بگێڕنەوە، ئەگەرچی ئەوان مێژوونووسیش بن.

لە گێڕانەوەی مێژوودا، کارەکتەرەکان خۆیان نادوێن، ئەوە خودی مێژوونووسە کە لەبری پادشا دەدوێت. ئەو وشک و دوور لە نواندنی هەر جۆرە هونەرێک ڕووداوان دەگێڕێتەوە. دیارە گێڕانەوەی وەها هێزی سەلماندنی کەمترە لە لای وەرگر، وەک لەوەی کارەکتەرەیل خۆیان ڕاستەوخۆ بدوێن. لە ڕشتەی مێژوودا، حیکایەتبێژ (الراوی) لە کارەکتەر گرینگترە. مێژوونووس حیکایەتبێژێکی هەمووشتزانە. هەر خۆیەتی، کە سەرلەبەری ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە. لە ڕشتەی مێژوودا، حیکایەتبێژ وەک ئەو کەسە وایە کە یاری بە بووکەڵەکان دەکات. واتە کەسیەتییەکان، بە دەست مێژوونووسەوە، وەک بووکەڵەی بێ گیانیان لێ هاتووە، بە کەیفی خۆی گەمەیان پێ دەکات. کەچی چیرۆک، یان ڕۆمان خۆی خۆی دەگێڕێتەوە. ئەویش بەوەی ڕووداوەکان پیشان دەدرێن و بەرجەستە دەکرێن. کارێکی ئاساییە، ئەگەر ئێمە هەست بە بوونی ڕۆماننووس بکەین، وەلێ لە سەمتی دەقەکەدا نایبینین، ئەگەرچی هەموومان سوور دەزانین، کە ئەم دەقە لەلایەن کەسێکی شارەزاوە ڕۆنراوە. چونکە ئەگەر خودی ڕۆماننووس بەهێز دەربکەوێت، ئەوا کەسیەتییەکانی پێ بێهێز دەبن و کارتۆنی دەردەکەون.

هەرچەند ڕۆماننووس بیەوێت بە باڵی خەیاڵ و بە هاوکاریی مێژووی نووسراو، هەوڵی دابڕان بدات بۆ ئەو سەردەمە مێژووییە بگەڕێتەوە کە بەسەرهاتەکانی تێدا قەوماون، دواجار هەردەبێت بێتەوە بۆ ئێستا و باسی حاڵی حازرمان بۆ بکات. گەڕانەوە بۆ مێژوو لە خۆیدا پاساوێکە بۆ ورووژاندنی کێشەکانی ئێستای کۆمەڵ، کە لەوساوە هەتا ئێستا درێژەیان هەیە. لەسەریەک کەڵەکە بوون و بێ چارەسەر ماونەتەوە. واتە کێشەکان لە حاڵی حازردان. ئەو پرسانەی کە دەبنە چەق، پرسی ئێستان.